قەسەدە؛لە دەێرئەزۆر لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا ١٧٧٦ چەتە کوژراون

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، ڕایگەیاند؛ شارۆچکەی بەحر لە ڕۆژهەڵاتی دێڕەزۆر،ڕزگار کراوە و لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا ، ١٧٧٦ چەتەی داعش کوژراوە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، دەر بارەی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرە لە دێرەزۆر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: شەڕڤانانی قەسەدە لە ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرەدا شارۆچکەی بەحر لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆریان کۆنتڕۆڵ کردووە، چەتەکانی داعش لەو شارۆچکەیەوە هێرشیان دەکردە سەر هێزەکانمان، بۆیە شەڕڤانان شەڕیان لە دژی چەتەکان دەستپێکرد و پێشڕەوییان کرد، شەڕەکە ماوەی ٢٠ ڕۆژی خایەند و لە ئەنجامدا گورزی قورس بەر چەتەکان کەوت، چەتەکان لەو شارۆچکەیەدا سەدان مینیان لە ناو ماڵی هاوڵاتیاندا دانابوو، بەڵام شەڕڤانانمان بە پسپۆرییەوە لە شارۆچکەکە نزیکبوونەوە و لە چنگی چەتەکان ڕزگاریان کرد.

قەسەدە هەروەها ڕایگەیاندووە: لە شەڕی ڕزگارکردنی شارۆچکەی بەحردا کە بە هاوکاریی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان ئەنجام درا، هێزەکانمان دەستیان بە سەر ژمارەیەکی زۆر لە جبەخانەکانی چەتەکاندا گرت، هەروەها لە ئەنجامی شەڕەکەدا ١٧٧٦ چەتە کوژران.

لە کۆتاییشدا ڕایگەیاندووە: ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرە لەلایەن ئەنجومەنی سەربازیی دێڕەزۆرەوە بۆ ڕزگارکردنی گوندەکانی دەوروبەری دێرەزۆر لە چنگی چەتەکان بە هەموو هێزییەوە بەردەوامە.