ماباتا؛ شوێنی داڵدەدانی عەلەوییەکان

عەفرین لە مێژووی خۆیدا بۆتە جێی حەواندنەوەی هەموو ئەو مرۆڤانەیە کە لە دەست زوڵم و بێدادی دەوڵەت هەڵاتوون. مابەتا-ش یەکێک لەو شوێنانەیە کە ئەوعەلەوی-یانەی لە کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنییەکان و عەلەوییەکانی دێرسیم، قوتار-یان بووە، تێیدا حەواونەتەوە.

 

عەفرین کە سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵیێ 'میراتی عوسمانییەکانە' و بە تەمای داگیرکردنیەتی، لە مێژووی خۆیدا بۆتە شوێنی هەموو ئەو گەلانەی لە دەست بێدادی عوسمانیەکان هەڵاتوون. ئێستاش عوسمانیە نوێیەکان، لە هەوڵی داگیرکردنی نیشتیمانی ئەو هەزاران عەلەوی، ئێزدی، ئەرمەنی و تورکمانە دان کە لە مابەتا-ی عەفرین دەژین.

ناوچەی مابەتا، بە تایبەتی بۆتە شوێنی خۆ حەشاردانی گەلی عەلەوی. لە مابەتا زۆریک لە کوردانی عەلەوی کە لە کۆمەڵکوژییەکانی 'یاووز سوڵتان سولەیمان'ی عوسمانی، خۆیان ڕزگار کردبوو، ڕوویان لەو ناوچەیە کردووە. دواتریش ستەمی سەر عەلەوییەکان کۆتایی پێنەهاتووە و لە ساڵی ١٩١٥ و لە کاتی کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنییەکان، زۆرێک لە عەلەوییەکان لە باکووری کوردستانەوە کۆچیان کردووە و لە مابەتا گیرساونەتەوە. لە درێژەی هەمان سیاسەتی لەناوبردندا جارێکی دیکە ساڵی ١٩٣٧، عەلەوییەکانی دێرسیم کۆمەڵکوژ کران زۆرێکی دیکەش لە کوردانی عەلەوێ هاتنە هەرێمەکە.

لە مابەتا بووین بە میوانی 'حوسێن عەلی حەسەن'ی تەمەن ٧٧ساڵە. عەلەوییەکی ستەملێکراو و لە قوتاربووانی دووهەمین کۆمەلکوژی. خاڵە حوسین بۆ ئاژانسی فرات، باسی چۆنیەتی ئاوەدان بوونەوەی مابەتای کرد و چۆن هەرێمەکە بۆتە شوێنی خۆحەشاردانی ئەو عەلەوییانەی کە لەدەست بێدادی عوسمانییەکان و تورکەکان هەڵاتوون. خاڵە حەسەن دەڵێ مابەتا لە پێشدا گوندێک بووە کە لەلایەن ٢ بنەماڵەوە ئاوەدان کراوە.

حوسێن حەسەن، ئەو شتانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە باب و باپیرانییەوە بیستوویەتی. بنەماڵەکەیان لە هێڵی 'مەلەتی – ئەلبیستان-ەوە کۆچیان کردووە بۆ ئێرە. پێش ئەوانیش بنەماڵەیەک بەنێوی 'کارپێز' لێرە ژیاون. خاڵە حەسەن دەڵی؛ ''لێرە بنەماڵەی ئێمە و بنەماڵەی کارپێز، دەگەنە یەکتری و هەریەکەیان لە لایەکی گوندەکە نیشتەجێ دەبن. سەرەتا بنەماڵەکەی ئێمە دەیانەوێ بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان بەڵام بنەماڵەی کارپێز پێیان دەڵێن ئەگەر بگەڕێنەوە عوسمانی دەتانکوژن. هەر بۆیەش باپیرانی ئێمەش لێرە دەمێننەوە".

خالە حەسەن دەڵێ؛ لە پێشدا ٧ باوک لێرە بوون بەڵام بە تێپەڕبوونی کات زۆر خەڵکی دیکەش دێنە گوندەکە. دواتر سوننە، ئێزدی و زۆر بنەماڵەی دیکەش لە شوێنە جیاوازەکانەوە هاتوونەتە ئێرە. لە نێوانماندا هیچ فەرق و جیاوازییەک نییە و هەموومان لەگەڵ یەک دەژین. هەموومان لقی دارێکین و کوردبوون ئێمەی بە یەکەوە گرێ داوە.

حوسێن حەسەن، دەربارەی نێوی مابەتا دەڵێ؛ ''لەو بارەیەوە دوو چیرۆک دەگێڕنەوە. ''بەباوەڕی ئێمە نێوی گوندەکە لە 'مابەت' وەرگیراوە. هەر دوو بنەماڵەکەش لێرە مابەت-یان درووستکردووە و بەو هۆیەی کە لە ناوچەکەدا تەنیا گوندی عەلەوییەکانە، پێی دەڵێن مابەتا. چیرۆکێکی دیکەش هەیە کە دەڵێ؛ ئەو دوو بنەماڵەیە زۆریان یەکتری خۆش ویستووە و بۆ یەکتر موحیببەت-یان هەبووە و بە تێپەڕبوونی کات بۆتە مابەتا. بەڵام ئەوەی پێشووتریان زیاتر عاقڵ دەیبڕێ''.

خاڵە حوسێن، دەڵی کە لە باکووری کوردستان خزم و کەسمان هەیە و ئێمەش لە عەشیرەی عەلایین کە هەموو کاتێک ڕووبەڕووی زوڵم و زۆرداری دەوڵەتی تورکیا بوونەتەوە. خاڵە حوسێن، ئاشکرای دەکات کە ئێرە نیشتیمانی ئەوانە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا چاوی بڕیوەتە زێد و نیشتیمانی ئەوان. لە هەمبەر ئەو داگیرکارییەش هەموو جیهان بێ‌دەنگه.