نوێنه‌رانی ده‌یان ڕێكخراو و داموده‌زگه‌ی هه‌رێمی فورات له به‌رده‌م بینای ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكار له كۆبانێ كۆبوونه‌وه و له لێدوانێكی هاوبه‌شی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌سێداره‌دانی لاوانی كوردی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیان ئیدانه كرد.
له لێدوانه‌كه‌دا كه ڕوكه‌ن شێخ محه‌مه‌د وته‌بێژی ده‌سته‌ی په‌روه‌رده خوێندیه‌وه، ڕاگه‌یه‌نرا: « له كاتێكدا هه‌موو جیهان باسی مافی مرۆڤ ده‌كات، له‌ژێر درووشمی مافی مرۆڤدا زۆر وه‌ڵات له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه چه‌په‌ڵه‌كانی خۆیان سه‌دان هه‌زار مرۆڤ ده‌كه‌نه قوربانی. ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ر له چوار پارچه‌ی كوردستان و له هه‌موو پارچه‌یه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی نامرۆڤانه به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كان پێشێل ده‌كه‌ن. ڕژێمی مه‌زهه‌بیی ئێران ڕۆژانه قاسیدهكانی ئازادی به به‌رچاوی هه‌موو دونیاوه له‌سێداره ده‌دات، به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌و ڕێكخراو و ناوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌ییانه‌ی مافی مرۆڤ ده‌نگیان لێوه بێت.»
له لێدوانه‌كه‌دا ئاماژه به ٣ چالاكی كورد زانیار مورادی، لوقمان مورادی و ڕامین حوسێن په‌ناهی كرا كه ڕۆژی ٨ی ئهیلوول\١٧ی خه‌رمانان له زیندانی ڕه‌جایی شه‌هری كه‌ره‌ج له‌سێداره دران. ڕاگه‌یه‌نرا، تاكهتاوانی ئه‌و ٣ كوڕه لاوه‌ی كورد ئه‌وه بوو كه ده‌یانویست خاوه‌نداره‌تی له ئیراده و ئازادیی خۆیان بكه‌ن.
«ئێمه له كاتێكدا كرده‌وه‌كانی ڕژێمی مه‌زهه‌بی و فاشیزم شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین، له هه‌مان كاتدا هاوبه‌شه‌كانی ئه‌و تاوانانه و ڕێكخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین كه له به‌رانبه‌ر ئه‌م كرده‌وانه به‌رده‌وام لاڵ و كوێر ده‌بن. ئێمه ده‌ڵێن، هه‌رگیز به كوشتن و له‌سێداره‌دان دۆزی ئێمه كۆتایی نایه‌ت، به‌ڵكوو ئاگری به‌رخۆدان و تێكۆشان گه‌شتر ده‌بێت.»
لێدوانه ڕۆژنامه‌وانییه‌كه به درووشمه‌كانی «بمرێ سیسته‌می ئێران» و «بژی به‌رخۆدانی زیندانه‌كان» كۆتایی هات.
s.m