ژنانی شنۆ؛ ڕێبەر ئاپۆ ئیرادەی ژنی کوردی ژیاندەوە

کۆمەڵێک لە ژنانی ئازادیخوازی شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بۆنەی ٣ی ڕەشەممە ساڵڕۆژی سەرهەڵدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لێدوانێکیان دا

 

ژنانی ئازادیخوازی ڕۆژهەلاتی کوردستان، لە لێدوانەکەیاندا وێڕای شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر ئاپۆ، سڵاوی خۆشیان ئاراستەی سەرهەڵدانەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.

ژنان ئازادیخوازی شاری شنۆ-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵمەتی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە دژی عەفرین شەرمەزار دەکەن و پشتگیری خۆشیان بۆ نەبەردی کچان و کوڕانی عەفرین دەردەبڕن. ژنانی شاری شنۆ ئەو بێدەنگییە نێودەوڵەتییەش ڕیسوا دەکەن کە لەسەر هێرش وپەلاماری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ئارادایە و دەڵێن کە هەرکەسێک خاوەنی شەرافەت و کەرامەتی ئینسانی بێت دەبێ بەرامبەر بەو هێرشە ناڕوایە بوەستێتەوە و هەڵوێستی هەبێت.

"بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ کەسایەتیی و ئیرادەیەکی وای لە ژناندا ئافراندووە کە لە هەموو جیهاندا بناسرێت و شانازی پێوە بکرێت. پێویستە ئێمە وەکوو ژنانی کورد بەیەکەوە بەشداری بکەین لە تێکۆشانی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان و لەسەر فکری ڕێبەر ئاپۆ، ئاستی خەباتی خۆمان بۆ ئازادی ژن و کۆمەڵگایەکی یەکسان و دێموکراتیک بەرزتر بکەینەوە''.

لە کۆتایی لێدوانەکەی ژنانی ئازادیخوازی شری شنۆدا، داوای یەکڕێزی کۆمەڵانی گەلی کوردستان و بە تایبەت ژنان دەکرێت و دەوترێت کە عەفرین جارێکی دیکە بەوێنەی کۆبانی سەری کوردی بەرز کردەوە، هەر بۆیە پێویستە بە یەکگرتن و تێکۆشانی خۆمان، وەڵامی ئەو قارەمانیەتییەی گەلی خۆمان لە عەفرین بدەینەوە.

لێدوانەکە بە درووشمەکانی 'بژی سەرۆک ئاپۆ''، ''بژی بەرخۆدانی عەفرین'' و ''ئێمەی ژنانی شنۆ، پشتیوانی عەفرینین''، کۆتایی پێدەهێنرێت.