١٥ مناڵ و ٧ ژنی داعشی ڕادەستی قیرغیزستان کران

شاندێک لە کۆماری قیرغیزستان لەگەڵ نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کۆبووەوە، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ١٥ مناڵ و ٧ ژنی داعشی ڕادەستی شاندەکە کران.

بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی فەرمی دەستەی ڕاگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، شاندێک لە کۆماری قیرغیزستان لە ١٨ ی تەمموز سەردانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریان کرد و ١٥ مناڵ و ٧ ژنی داعشی خەڵکی ئەو وڵاتە ڕادەستی شاندەکە کراون.

بەگوێرەی هەواڵەکە شاندەکە لەلایەن هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە فەنەر ئەلگەعید، جێگری هاوسەرۆکایەتی فەرمانگەکە گوڵستان عەلی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری فەرمانگەکە خالید ئیبراهیمەوە پێشوازیان لێ کراوە.

هەردوولا ڕەوشی سوریا و پێشهاتە سیاسییەکانیان تاوتوێ کردووە، فەنەر ئەلگەعید دووپاتی کردووتەوە هەر لێک تێگەیشتنێک دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی سوریا ڕەت دەکاتەوە، ئەگەر سوپای تورک لە خاکی سوریا نەکشێتەوە، مانای وایە دژی ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە-دیمەشقن.

هەروەها فەنەر ئەلگەعید تیشکی خستۆتەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر گەلانی هەرێمەکە و کاریگەری هێرشەکان لەسەر ئاسایشی هەرێمەکە و بەرەنگاربوونەوەی داعش.

هەروەها بەگوێرەی هەواڵەکە، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی قیرغیزستان باکیت قەدیرۆڤ سوپاسی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و قەسەدەی کردووە، قیرغیزستان قوربانیدانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و قەسەدەی لەبەرچاوە.

لەکۆتایی سەردانەکەدا ئیدارە خۆبەڕێوەبەری ١٥ مناڵ و ٧ ژنی داعشی ڕادەستی شاندەکەی کۆماری قیرغیزستان کردووە.