قەسەدە گەنجێکی ئێزدی لەدەستی داعش ڕزگار کرد

گەنجێکی ئێزدی بە ناوی دیار عەلی رەفۆ لەلایەن چەتەکانی داعش لە شەنگال ڕفێندرابوو، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی قەسەدە لە مەنبەج ڕزگارکرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی ڕایگەیاند گەنجێکی ئێزدیان ڕزگارکردووە کە لە هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر شەنگال لە باشوور کوردستان ڕفێندرابوو.

بەگوێرەی ناوەندەکە، تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەر بە قەسەدە لە شاری مەنبەج ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا گەنجێکی ئێزدی بە ناوی دیار عەلی ڕەفۆ لەنێو ماڵێکدا دۆزراوەتەوە، چەتەکانی داعش هەوڵیانداوە بیگوازنەوە بۆ هەرێمە داگیرکراوەکانی ژێردەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

ناوەندەکە دیمەنی گەنجە ڕفێنراوەکەی بڵاوکردەوە. لە دیمەنەکەدا دیار عەلی رەفۆ دەربارەی چۆنێتی ڕفاندنی خۆی و بنەماڵەکەی و گواستنەوەی بەرەو سوریا و چۆنێتی بەشداریپێکردنی زۆرەملێی بە داعش و بەرکارهێنانی لەلای داعشەوە، دەدوێت.