بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر بنکەی تەنەف ی هاوپەیمانان

لە دژی بنکەی تەنەف ی هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دژی داعش لە سەر سنووری سوریا و عێراق و ئوردن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش ئەنجامدرا.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بارەگاکەی لە لەندەنە، ڕایگەیاندووە، سێ هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەی تەنەف ئەنجامدراوە، کە بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە و دەکەوێتە سنووری سوریا و عێراق و ئوردن.

 روانگەکە بڵاویکردەوە، هێرشەکە شەوی ١٨ی تەشرینی یەکەم ئەنجامدراوە، هێزەکانی هاوپەیمانان ٢ درۆنی تێکشاندووە و درۆنی  سێیەم بنکەکەیان بۆردومانکردووە. بەڵام سەبارەت بە زیانەکان هیچ زانیارییەک نەدراوە.

فەرماندەیی سەڕبازیی ئەمریکا له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سێنتکۆم ڕۆژی چوارشەممه له ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، له ماوەی ٢٤ کاتژمێردا هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا به سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کراوەته سەر.

هێرشی یەکەم بۆ سەر بنکەی عەین ئەلئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق ئەنجامدرا، دووەمیش بۆ سەر بنکەی سەربازی ئەمریکی لە هەریر کە دەکەوێتە نزیک هەولێری باشووری کوردستان.

دەوترێت ئەو هێرشانە پەیوەندییان بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە هەیە.