'بە گوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد تاوانێکی گەورەیە'

ئەندامی یەکێتی پارێزەرانی کانتۆنی جزیرە محمەد ئەمین ئەوەی ئاشکراکرد بە پێی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان ڕفاندن و دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد تاوانێکی زۆر گەورەیە

ڕفاندنی ڕۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد

هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز سلێمان ئەحمەد رۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆ سەردان و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی چووبووە گەڕەکی شێخ مەقسودی حەڵەب. سلێمان رۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەم کاتێک دەیویست لە دەروازەی پێشخابورەوە بگەڕێتەوە بۆ باشووری کوردستان، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەەوە رفێندراوە. ماوەی ٢١٧ ڕۆژە ڕۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد دەستگیرکراوە.

پەیوەست بەم بابەتە ئەندامی یەکێتی پارێزەرانی کانتۆنی جزیرە محمەد ئەمین بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد.

محمەد ئەمین لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا بە گوێرەی هەموو یاسا جیهانییەکان دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد تاوانێکی گەورەیە و وتی: "لە ٢٢ی گوڵانی ٢٠٢٤دا بۆ یەکەمجار پارێزەران توانیان لەگەڵ سلێمان ئەحمەددا چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. هەر لەو چاوپێکەوتنەدا تەنها بۆ ماوەی چەند خولەکێک سلێمان ئەحمەد توانی لەگەڵ دایکیدا قسەبکات. وەک ئاشکرایە پەدەکە لە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەجوڵێتەوە."

'بە گوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد کارێکی قەدەغەکراوە'

محمەد ئەمین سەرنجی خستەسەر ڕەوشی سلێمان ئەحمەدەوە لە ڕووی یاساییەوە و ئەمەی دەرخست: "لە ڕووی یاساییەوە هەموو ڕۆژناومەوانێک مافی قسەکردن، پێشنیار و سەردان بکات. لە ساڵی ١٨٩٩ و ١٩٠٧ دا مافی ڕۆژنامەوان لە مافەکانی مافی مرۆڤدا چەسپێنراوە. مافی ڕۆژنامەوان زۆر گرنگە. بۆیە کاتێک ڕۆژنامەوانێک دەستگیردەکرێت ئەوە خۆمان لەو راستیە شاردۆتەوە و پێشێلکردنی یاسایە. هەروەها لە یاسادا جێگیکراوە کە نابێت دەوڵەت بەرامبەر ڕۆژنامەوانان هیچ تاوانێک ئەنجام نەدات. هەر بەپێی خاڵی ٧ لە یاسای سیستەمی رۆما کە لە ١٩٩٨دا دانراوە، ڕفاندنی ڕۆژنامەوانان تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە. هەر سەبارەت بە مافی ڕۆژنامەوانان؛ نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەست بە پاراستنی مافەکانی رۆژنامەوانان لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕێکەوتننامەیەکی داڕێژاوە."

محمەد ئەمین ئاشکرای کرد ڕفاندی سلێمان ئەحمەد لە لایەن پەدەکەوە بە پێی هەموو یاسا نێونەتەوەی و جیهانییەکان تاوانە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "مافەکانی ڕۆژنامەوان زۆر بەرفراوانن. چوونکە ڕۆژنامەوان چاویی کۆمەڵگەیە. پێویستە ئەو کەسانەی کە ڕۆژنامەوان سلێمان ئەحمەدییان ڕفاندوە بە گوێری یاساکانی مافی مرۆڤ دادگای بکرێن و سلێمان ئەحمەد مافی خۆی وەربگرێتەوە."