بە دیمەن

بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی لە کەرکوک: داخستنی پارتەکەمان بڕیارێکی سیاسییە

لە شاری کەرکوک، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی لەبارەی بڕیاری داخستنی پارتەکەیان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەست ڕاگەیاند "داخستنی پارتەکەمان بە بڕیارێکی سیاسی دەزانین، ئامانجی دوورخستنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنە".

کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا لەدژی بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ داخستنی سێ پارتی سیاسی لە عێراق لەنێوانیشاندا بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی.

هەروەها بەرەی دیموکراسی لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا گوتی: "ئێمە بەتوندی ئەو بڕیارەی کە لە دژی ئێمە دەرچووە ڕەتدەکەینەوە بە بڕیارێکی سیاسی دەزانین، ئامانجی دوورخستنەوەی ئێمە و هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنە لە گۆڕەپانی سیاسی".

"داوا لە لەگەلەکەمان دەکەین یەکڕیزبن لەپێناو پاراستنی ئەزموونی دیموکراسی"

لە کۆنگرە رۆژانامەوانیەکەدا، فاهم جەماڵ ئەندامی بەڕێوبەری بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی لە عێراق، بەناوی بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی، پەیوەست بە بڕیاری دادگای عێراق بۆ داخستنی ٣ پارتەکەیان، ڕاگەیاندراوێکی بۆ دەزگاکانی خوێندەوە و وتی: "ڕۆڵەی سەربەرزی گەلەکەمان، سەرجەم پارت و هێزە دیموکراسییەکان، هێزی جەماوەری و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانه کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان، ئەمڕۆ پێتان ڕادەگەیەنین بۆ ئەوەی تەواوی ڕاستیەکانی هێرشی ناڕەوا و بڕیاری نادادپەروەرانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لە دژی بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی بخەینە بەردەستتان، ئەمڕۆ داوا لە گەلەکەمان دەکەین یەکڕیزبن لەپێناو پاراستنی ئەزموونی دیموکراسی و فرە لایەنی سیاسیمان کە لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانی مێژوویمان بۆ بەهێزکردنی چەمکەکانی و پتەوکردنی بناغەکانی دیموکراسی، تا ئەو کاتەی خەڵک لە ستەم و کۆنەپەرستی و پاشکۆیەتی ڕزگاریان ببێت،  لەهەمان کاتدا هاوسۆزین دژی بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان کە لە ١ی ئابدا دەرچووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەمان (بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی) و داخستنی بارەگاکانی و دەستبەسەرداگرتنی سامانەکەی".

ئەم هەڵمەتە ئامانجی ناوزڕاندن و زیان گەیاندنە بەتێکۆشان و خەباتمان

ئەو ئەندامەی بەڕێوبەری بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی ووتیشی: "بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی لە بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان ئاگادار نەکرایەوە، بەڵکو لە ڕاگەیاندنەکانەوە ئاگاداری بوو، پێش دەرکردنی ئەو بڕیارە پەیوەندی بە بەرەکەوە نەکرا، ئەم هەڵمەتە ئامانجی ناوزڕاندن و زیان گەیاندنە بە تێکۆشان و خەباتەکەمان، ئەمڕۆ لەبەردەمتان وەستاوین و ئێوەش نوێنەرایەتی گەلی بەشەرەفی عێراقی فیدراڵ دەکەن بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، دووپاتی دەکەینەوە ئەم هەڵمەتە ناڕەوایە ئامانجی ناوزڕاندنمانە، ئێمە لە بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی ڕێز لە دەستووری عێراق دەگرین و پابەندین پێیەوە لە هەموو کار و چالاکییەکانماندا، ئێمە بەپێی یاسا کار دەکەین، بارەگاکانمان ئاشکران و لای هەمووان ناسراون، هەروەها لایەنگر و جەماوەرمان هەیە، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی بە پێی یاسای پارتە سیاسییەکانی عێراقی فیدڕاڵ پەیڕەو و بەرنامەی سیاسی خۆمان دامەزراندووە".

"تۆمەتەکان بێ بنەمان و ئامانجی دوورخستنەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانە"

لەدرێژەی بەیاننامەکەدا، فاهم جەماڵ ووتیشی: "تۆمەتەکانی دەستەی دادوەری نادروست و بێ بنەمان، ئێمە پارتێکی سەربەخۆی عێراقی فیدراڵین، هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخستنی یان داراییمان لەگەڵ هیچ لایەنێکی دەرەکیدا نییە، بە ئاشکرا بە پێی یاسا و دەستووری عێراقی فیدڕاڵ کار دەکەین، ئێمە بەتوندی ئەم بڕیارە ڕەتدەکەینەوە و ئەو بڕیارەی کە لە دژی ئێمە دەرچووە بە بڕیارێکی سیاسی دەزانین، ئامانجی دوورخستنەوەی ئێمە و هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە گۆڕەپانی سیاسی بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستە بخەنەڕوو یان هیچ پێشێلکاری یان سەرپێچییەکی یاساییمان ئەنجامدابێت".

"ئەم بڕیارە بەدەستپێشخەری ئەو لایەنانە هات کە پشتیوانی لە داگیرکاری دەکەن"

هەروەها ناوبراو ئاشکراشی کرد: "ئەم بڕیارە بەدەستپێشخەری و یارمەتیدانی هەندێ لایەن بووە کە پشتیوانی داگیرکاری و گەڕانەوەی عێراق دەکەن بۆ سەردەمی ستەمکاری و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە ڕێگەی تۆقاندن و هەڕەشەکردن و ناوزڕاند و گەڕاندنەوەی وڵات بۆسەردەمی  خوێن ڕشتن، هیوادارین حکومەت و دادگای فیدراڵ بەدواداچوون بۆ پاڵنەرە ڕاستەقینەکانی پشت ئەم بڕیارە بکەن، کە لە ئەنجامی هەڵوێستە نیشتمانییەکانمانەوە هات، کە تایفەگەری و جیاکاریی نەتەوەیی ڕەتدەکاتەوە و داوای دادپەروەری و یەکسانی دەکات".

"بە بەڵگە و بەپشت بەستن بە یاسا و دەستور ڕاستییەکان یەکلادەکەینەوە"

لە کۆتایی قسەکانیدا، فاهم جەماڵ ئەندامی بەڕێوبەری بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند: "ئێمە سەرەڕای هەموو ئەو فشارانەی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، بەردەوام دەبین لە پابەندبوون بەم ڕێبازە، هەروەها بەردەوام دەبین لە کارکردن دژی ئەم بڕیارە و شەڕی لەباربردنی و ڕەتکردنەوەی بە بەڵگەی یەکلاکەرەوە کە ڕاستی هەڵوێستەکەمان لە هەردوو ڕوانگەی دەستووری و یاساییەوە پشتڕاست دەکاتەوە".