کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. کەژار ئەوەی خستووەتەڕوو کە بۆ بەدەستهێنانی ژیانی ئازاد و دیموکراتیک پێویستییان بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی هەیە.
لە راگەیەندراوەکەی کەژاردا هاتووە:
هەر کە لە دووەم ساڵیادی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' نزیک دەبینەوە سیاسەتی هەژمونگەرایی جیهان، دەوڵەت و نەتەوەکانی هەڕێمەکە لە دژی کۆمەڵگا و بە تایبەتی ژنان رۆژ لە دوای رۆژ دەگۆڕێت. سیاسەتی نەژادپەرستی، ئایینی و نەتەوەپەرستی کە بە رۆح، هەست، داواکاری و ئامانجی کۆمەڵگە ناتەبان، نەک بۆ چالاککردنیان، بەڵکو بۆ پاشەکشێپێکردن و دەستبەسەرداگرتنی کۆمەڵگە بەڕێوەدەبرێت. لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا رژێمی ئێران لە سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆییدا رووبەڕووی چەندین قەیران بووەتەوە. سەرکوتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە هەڕێمیەکان، شەڕەکان لە دەرەوەی سنور، تێکدانی ژینگە، دۆخی ئاڵۆزی ئابوری و گوزەرانی هاووڵاتیان، فراوانبوونی هەژاری و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و هتد.. چەند لەو قەیرانانەن کە چەند لەو قەیرانانەی کە لە لایەن حکومەتەوە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا خوڵقێندراون".
لە راگەیەندراوەکەی کەژاردا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'یەوە هێزەکانی سەرمایەداری بە روونی هەڵوێستی خۆیان لەسەر نەگۆڕینی دۆخی هەنوکەیی نیشاندا و بەم جۆرە هاتووە، "رژێمی ئێران پەنای بۆ سەرکوتی دەنگە ناڕازییەکان برد، لەو نێوەدا ژنان و گەنجان کە مەکینە و داینەمۆی کۆمەڵگان و هێزی وەرچەرخانن، زیاتر لە هەموو کات کرانە ئامانج".
' زیندانەکان بوونە قەڵای تێکۆشان'
لەلایەکی دیکەوە بابەتی حیجابی زۆرەملێ و سەپاندنی پرۆژەی نور، دەستبەسەرکردنەکان لە سەر شەقام لەلایەن 'پۆلیسی ئەخلاق' و کوشتن لە ژێر پەردە و ناوی ناموسدا لە زۆر شار زیادیان کردووە. لەم نێوەدا، ژنانی ئازادیخواز رووبەڕووی سزای قورسی زیندان بوونەوە. زەینەب جەلالیان تاکە زیندانی سیاسی ژنە لە ئێران کە سزای هەتاهەتایی هەیە و ١٧ ساڵە لە زیندانە. لە ماوەی ئەو ساڵانەی زینداندا زۆر جار رووبەڕوو ئەشکەنجەی دەرونی و جەستەیی بووەوە. بەڵام هەرگیز ئەشکەنجە نەبووە مایەی ئەوەی دەستبەرداری ئامانجەکانی بێت.
جگە لەو سزایانە، زیندانیانی دیکەی ژنیش رۆژانە رووبەڕووی ئەشکەنجەی رژێمی ئێران دەبنەوە. بە شێوەیەکی سروشتی، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، رژێمی ئێران بە تاکتیکی لەسێدارەدان، ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگا بڵاودەکاتەوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نیشانی بدات کە کۆتایی ئەم چیرۆکە لەناو دیوارە بەرزە پۆڵاییەکاندا دەبێت. زیندان ناوەکەی بە خۆیەوەیەتی، بەڵام لەماوەی ساڵانی رابردوودا و بە تایبەتی لە ٢ ساڵی رابردوودا ئاشکرا بوو کە زیندانەکان بوونە قەڵای بەرخودان.
ئاماری ژمارەی لە سێدارەدانەکان و گرتنەکان لە ساڵی رابردوو، ترسی رژێم نیشان دەدات، نەک ترسی کۆمەڵگا وبەتایبەتی ژنان! بە پێچەوانەوە، هەڵوێستی رادیکاڵی کۆمەڵگا بە تایبەتی ژنان لە زینداندا بوو کە رژێمی ئێران دەترسان کە بۆ زیندوومانەوە پەنا بۆ گوشاری زیاتر ببات. چالاکی ژنانی زیندانی سیاسی پێشەنگ نیشانیدا کە بەرخودان بە چ شێوەیەک ژیانی ئازاد دەخوڵقێنێت. بێگومان ئەو پشتیوانیە بە زیندانەکان سنوردار نەما، لە ناوخۆ و دەرەوەی جوگرافیای سیاسی ئێران هەڵمەتی جیاجیای وەک 'نا بۆ لەسێدارەدان و بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد'، رێپێوان و خۆپیشاندانی جیاجیا کە رۆژانە بەرفراوانتر دەبن، ساز دەکرێن. ئەوەش بە واتای ئەوەیە کە کۆمەڵگەی ئازادیخواز لە هەموو کات زیاتر، بۆ بەدەستهێنانی ژیانی ئازاد و دیموکراتیک پێویستی بە یەکگرتن و یەکڕیزی هەیە.
بێگومان لەماوەی دوو ساڵی دوای سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە چەندین جێگەدا گفتوگۆ و شیکاری کراوە. دوای دوو ساڵ دەبینین ئەم سەرهەڵدانە چ کاریگەرییەکی قوڵی لە ناو کۆمەڵگەدا جێهێشتووە و بووە بەهۆکاری ئەوەی گەل هەڵوێستی ڕادیکاڵ پیشان بدات. لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین لەبەرئەوەی خودی ناوەڕۆک و ئامانجی شۆڕشی 'ژن ژیان ئازادی' ڕادیکاڵ بوو بۆیە بووە هۆکاری چالاکییە ڕادیکاڵەکانی گەل. لە چەند مانگی ڕابردوودا سەرەڕای هەموو پلانەکانی ڕژێم بۆ ئامادەکاری و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، لە شارە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا 'هەڵوێستێکی چارەنووسساز و ڕادیکاڵانەی گەل' بە ڕوونی ناشەرعییەتی ڕێژیمی نیشاندا. ئێستا گەلانی ئێران دەزانن چییان دەوێت و بە ناوی ژیانەوە قوربانی قورسیان داوە بۆ ئەوەی بەدەستی بهێنن. بۆیە دەکرێت بڵێین کۆمەڵگە زۆر لە ئامانجەکەی نزیکە و ئەم شۆڕشە تا ئێستاش بەردەوامە. چونکە ئامانجیان بنیاتنانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان و ئافراندنی ژیانێکی ئازادە.
لەم دوو ساڵەدا ژنان نیشانیان داوە کە نە پێناسە توندەکانی سیستەمی سەرمایەداری و نە پێناسە ئایینیەکانی ڕێژیمی ئێران ناتوانن ڕزگاریان بکەن! چونکە هەردوو پێناسەکە لە وشەی پیاوسالاری پێکهاتوون و ئەدەبی ڕەگەزپەرستانە لە مێشکی کۆمەڵگادا دروست دەکەن. دروشمی ماناداری 'ژن، ژیان، ئازادی' کە کوردستان، ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی لەخۆگرتبوو، هاتە سەر زمانی هەمووانەوە. چونکە دەیانزانی ئازادی کۆمەڵگە بەبێ ئازادی ژن بەدی نایەت. بۆ ئەوەش پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتییە گەورەیەیان کرد. لە بنەڕەتدا پێناسەکانی ڕێژیمی ئێرانیان ڕەتکردەوە و پێناسەیەکی نوێیان بۆ خۆیان داڕێژا. ئێستا دەنگی ژنان لە ئێرانەوە تا هیندستان، لە کوردستانەوە بۆ هەموو جیهان دەبیسترێت. یەکگرتنی بەشەکانی تری کۆمەڵگا و پەیوەست بوون بە شۆڕشەوە بە واتای پشتڕاستکردنەوەی ئەو وتەیە کە دەڵێت 'ئاستی ئازادی کۆمەڵگا پەیوەستە بە ئازادی ژنەوە'. چونکە پرسی ئازادی ژن پرسێکی کۆمەڵایەتییە کاریگەری لەسەر هەموو کۆمەڵگا هەیە. سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ناوچەکە زۆر باش دەزانن کە بە سەرکوتکردنی دەسەڵاتی ژنان دەتوانن زاڵ بن بەسەر کۆمەڵگادا. لەو شوێنەی ژنان شەڕیان کردووە، ئیتر قوربانی نەداوە، تەنانەت بوونەتە پێشەنگ کە دەتوانن کۆمەڵگا لە پێوانەکانی سیستەمی پیاوسالاری دوور بخەنەوە. ئەمەش تەواو پێچەوانەی سیستەمی پیاوسالارییە. بۆیە دەتوانین بڵێین سیاسەتەکان دژی ژنان بەردەوامن، خەبات و چالاکییەکانی ژنان دژ بەو سیاسەتە بە بەهێزییەوە بەردەوامە.
وەک کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی دووەم ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' هەموو شەهیدانی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' بە ڕێزدارییەوە یاد دەکەینەوە. دوو ساڵ خەباتی بەردەوام و چالاکی گەل بە تایبەت ژنان لە دژی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ڕێژیمی ئێران وەستایەوە و لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەوڵیان دا ببنە دەنگی ژنانی ئازادیخواز لە ئێران. چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی ئێران هەنگاویان ناوە بۆ ڕێکخستن و یەکخستنی ژنانی تێکۆشەر. هەروەها چالاکییەکانیان فراوانتر دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجی ئازادی ڕاستەقینە بۆ کۆمەڵگا و ژنان. پەیوەست بەمەوە، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران دژ بە ژنان، دەمانەوێت هەموو ژنانی تێکۆشەر و کۆمەڵگەی ئازادیخواز، چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا لە ٢هەمین ساڵوەگەڕی ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتییە گەورەیەدا لە گۆڕەپانەکاندا یەکبگرن.