گەریلای پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سیپان تێکۆشەر و گەریلای هێزەکانی پاراستنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (هەپەژە) بەرچەم ئارین لە ڕێگەی ئاژانسمانەوە هەڵسەنگاندیان بۆ گرنگی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' کرد.
گەریلای هەپەژە بەرچەم ئارین لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا دوژمنانی کورد دەیانەوێت لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا، کۆتایی بە گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز بهێنن و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "چونکە ڕێبەر ئاپۆ فکری خۆی بۆ ئازادی ژن و ئازادی گەلان تەرخانکردووە. هەر بۆیە بووە بە جێگەی ترسی دەسەڵاتداری و لە ڕێگەی گۆشەگیرییەوە دەیانەوێت ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بگرن. ڕیبەر ئاپۆ ئازادی ژنانی دەستبەرکرد بۆیە وەک ژنان قەرزداری ڕێبەر ئاپۆین. پێویستە وەک ڕێکخستنەکانی ژنان تێکۆشانمان بۆ ئازادی ڕیبەر ئاپۆ بەهێزتربکەین. ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵیدا لە دژی سیستەمی گۆشەگیری لە تێکۆشاندایە و بە بەرخۆدانەکانی ئەو سیستەمی بەتاڵ کردەوە، ئەوەی بووە بە هۆکاری ئەوەی وەک ژن خۆمان ڕاگرین بێگومان خودی ڕێبەر ئاپۆیە."
'پێویستە وەک ژنان لە سەرهەڵداندابین'
لە بەردەوامیدا گەریلا بەرچەم باسی ڕۆڵ و ئەرکی ژن و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵمەتی ئازادی جەستەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: "پێویستە هەموو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کورستان لە دژی گۆشەگیری دەنگمان هەڵبڕین. پێویستە خەبات لە دژی گۆشەگیری بکەین بە پاڵنەری سەرهەڵدانمان لە دژی دەسەڵاتداری. بێدەنگیمان هۆکارە بۆ زیاتربوونی هێرشەکانی دەسەڵاتداری. بڕیاری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و شەریفە موحەمەدی نمونەی ئەم هێرشانەی دەسەڵاتدارییە. بۆیە پێویستە دەنگمان هەڵبڕین و وەک ژن لە تێکۆشانی زیاتر و سەرهەڵداندا بین بەرامبەر بەم هێرش و بڕیارانەی دەسەڵاتداری."
'پێکەوە هەڵوێست وەرگرین'
لە کۆتایی قسەکانیدا گەریلا بەرچەم بانگەوازی لە هەموو ژنان کرد لەبەرامبەر سیستەمی لەسێدارەدانی ڕژێمی ئێراندا بوەستنەوە و وتی: "پێویستە تەواوی ژنان، گەنجان و کۆمەڵگەی ئێران لە دژی لە سێدارەدان بووەستنەوە. بۆ پاراستن و ئیرادەی خۆمان خاوەنداری لە ڕیبەر ئاپۆ بکەین. ئەمە ئەرکی هەموومانە. تەنها بەم ڕێگەیە ئازادی دەستبەردەکەین."
'پێویستە ئاگاداری ڕێبازەکانی شەڕی تایبەت ببین'
گەریلای پەژاک سیپان تێکۆشەر ئاماژەی بەوەدا تەڤگەری ئازادی ڕێگەی ڕزگاری گەلی کوردە و بەم شێوە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "گەلی کورد بە دەرکەوتنی ڕێبەر ئاپۆ جارێکی دیکە زیندوبوەوە. بۆیە لەمڕۆدا دوژمنانی گەلی کورد بۆئەوەی کۆتایی بە گەلی کورد بهێنن هەموو جۆرە رێبازێکی قێزەون بەکاردەهێنن. وە بە تایبەت لەبەرامبەر ژن و گەنجاندا شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبن. لە ڕێگەی لەشفرۆشی، مادەی هۆشبەرەوە دەیانەوێت گەنجان لە ژیانی ئازاد دابڕێنن. پێویستە لەبەرامبەر رێبازەکانی شەڕی تایبەت هۆشیاربین و نەکەوینە ناو داوی دوژمنەوە و تێکۆشانمان بەهێزتر بکەین."
گەریلا سیپان تێکۆشەر لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی چۆنییەی خاوەنداریکردن لە 'هەبوون'کرد و وتی: "وەک چۆن ئەوەی ژن، گەنجان و تەواوی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٩دا خاوەندارییان لە ڕێبەر ئاپۆ کرد، پێویستە جارێکی دیکە بە بەهێزکردنی تێکۆشانمان خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ بکەینەوە. خاوەنداری لە هەڵمەتی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بکەین."
گەریلا سیپان لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوازی لە گەنجان بۆ بەشداربوون لە هەڵمەتی ئازادی جەستەی ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: "پێویستە هەموو گەنجێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە هەموو هێزی خۆیانەوە بەشداری ناو هەڵمەتی ئازادی بۆ ڕیبەر ئاپۆ ببن."