چالاکی کاریگەر لە ئەنجوومەنی سەربازیی سەرێکانییەوە: ٥ چەتە کوژران ڕاگەیاندرا

ڕاگەیاندرا، لە چالاکییە کاریگەرەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی سەرێکانییدا، ٥ چەتەی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک کوژراون.

چالاکی کاریگەری ئەنجوومەنی سەربازیی سەرێکانی

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەسەر ماڵپەڕی فەرمی ڕایگەیاند هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی سەرێکانی دژی بنکە و بارەگاکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە دەوروبەری شاری سەرێکانی زنجیرە چالاکییەکیان ئەنجامداوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

" لە چوارچێوەی پشتیوانی و هاوکاریکردنی لە بەرخۆدانی پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین و بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی سەرێکانی زنجیرەیەک چالاکیی کاریگەریان لە دژی بنکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە چەند گوندێکی دەوروبەری شاری سەرێکانی ئەنجامدا.

لە کاتژمێرەکانی بەیانی ئەمڕۆ یەکەیەکی هێزەکانمان چوونە ناو شوێن و خاڵەکانی چەتەکان لە گوندی ڕیحانی سەر بە شاری سەرێکانی، هێزەکانمان لە خاڵەکانی چەتەکان نزیک بوونەوە و پێکدادان لەگەڵ چەتەکان ڕوویدا. لە ئەنجامدا ٥ چەتە کوژران.

لە بەرەیەکی تریشدا هێزەکانمان هێرشیان کردە سەر خاڵەکانی چەتەکان لە گوندی قاسمیە، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە چەتەکان کوژران و بریندار بوون. بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی چەتەکان نەزانراوە.

کاتژمێر ٨ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لە بەرەی سێیەم، شەڕڤانانمان لە گوندی دبس هێرشێکی دیکەیان دژی بنکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە گوندەکانی عەزیزیە، عەریشە، ئەرباحین، گردی شەهید دڵشێر، مەناخ و کنێر ئەنجامدا.

هێزەکانمان لەم چالاکییانەدا زیانیان پێ نەگەیشتووە".