داگیرکەران ٦ کەسیان ڕفاند و هەزاران داریان سووتاند

دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە عەفرین و ئەعزاز لانی کەم ٦ کەسیان ڕفاند و هەزاران داریان سوتاند.

ڕفاندن و قڕکردنی سرووشتی

ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان ڕایگەیاند چەتەکانی "جەیش وەتەنی"ی سەر بە سوپای داگیرکەری تورک حیسام عەلی (٤١ ساڵ) و براکەی ڕەفعەت عەلی (٣٦ ساڵ) خەڵکی جەندریسە، خاڵۆزاکەیان بە ناوی ڕەفعەت جەم (٤٥ ساڵ) لە گوندی بەرادی شاری شێراوا ڕفاندووە. هەروەها مەنسور غوسانی و براکەی محەمەد غوسانی لەلایەن هەمان گرووپی چەتەوە ڕفێنراون. بەگوێرەی ناوەندەکە، چەتەکانی سوڵتان سلێمان شا (عەمشات) لە گوندی قرمتلق سەر بە شیە چەند کەسێکیان ڕفاندووە.

سەرچاوە خۆجێیەکان ڕایانگەیاند چەتەکانی سوپای تورک ئەمڕۆ لە شاری ئەعزاز هاوڵاتیەکیان بە ناوی ڕیاز عەبدولرەحمان حەسەن (٤٢ ساڵ) لە گوندی تەلەفی باشووری ڕۆژئاوای شاری عەفرین ڕفاندووە و بردوویانە بۆ ناوەندی ساری بلبلە. هەمان سەرچاوە ڕایگەیاند، کەسێک کە لە هەرێمی قەلەمونی عەفرین نیشتەجێکراوە، ماڵی هاوڵاتیەکی بە ناوی موسا ئەبو موسا فرۆشتووە بە کەسێک بە ناوی محەمەد عیسا ئەبو زوبەیر خەڵکی گوندەواری باشووری حەلەب.

هەروەها زانراوە چەتەکان ئەلحەمزات لە نزیک گوندی فەقیرەی جەندریسە و گوندی زارای شارۆچکە بلبلە هەزاران داریان سووتاندووە.