دایکانی ئاشتی کەمپی مەخمور هێرشی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد

دایکانی ئاشتی کەمپی مەخمور خیانەت و هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان بۆ سەر مەخمور شەرمەزار کرد.

دوێنێ کاتژمێر ١٧:٠٠ بینای دایکانی ئاشتی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور) بووە ئامانجی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک. ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی مەجلیس و دایکانی ئاشتی، خەڵکی کەمپەکە لەبەردەم بینای دایکانی ئاشتی کۆبوونەوە و ڕایگەیاندراویان خوێندەوە، دایکی ئاشتی مەدینە هیلالی ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

مەدینە هیلالی هێرشەکەی دوێنێی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند کوان ئەو کەسانەی بانگەشەی پاراستنی پەنابەران دەکەن، گوتی: "ناتوانن بە هێرش بمانترسێنن. پاشەکشە لە دۆزەکەمان ناکەین و بەردەوام دەبین. ئێمە گەلین، هیچ گەریلایەک لەنێو ئێمەدا نییە، هەموومان ژن و مناڵ و پیرین. تا کەمپی مەخمور ڕزگار نەبێت، هیچ جێگەیەک ڕزگار نابێت".

مەدینە هیلالی ناڕەزایەتی بەرامبەر خیانەت دەربڕی، گوتی: "بانگەواز لە مەسعود بارزانی دەکەم، تۆ شەڕی کورسیمان لەگەڵدا دەکەن. با کورسی بۆ تۆ بێت، بڵێ وەک ئۆجالان پارێزگاری لە چل ملیۆن کورد دەکەم. ئەمە نۆ جارە کەمپی مەخمورت بۆ بەرژەوەندیی خۆت فرۆشتووە، ئەگەر نەتوانی لەبەردەم چل ملیۆن کورد بدوێی، مەڵێ سەرۆکم. مەڵێ پێشمەرگەم هەیە، ئەگەر مانگێک مووچە نەدەی، پێشمەرگە لەگەڵت نامێنێ. ئێستە نە گەل و نە سەربازت لەگەڵە، بۆ بەڵای خۆتان لە مەخمور دوورناخەنەوە؟ ئەگەر کەمپی مەخمور هەولێری نەپاراستایە، ئێستە پایتەختی داعش بوو.

بانگ لە کوردی وڵاتپارێز دەکەم، دژی هێرشەکانی سەر مەخمور دەنگ هەڵبڕن، ئیتر بەسە".

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی مەخمور" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی هات.