دەوڵەتی تورک لە تەل تەمر هێرشی کردە سەر کارمەندانی کارەبا

لە تەل تەمر کە دەوڵەتی تورک دەستی بە هێرشی قورس کردووە، ئەم جارە هێرشی کردە سەر کارمەندانی کارەبا کە ویستیان هێڵی کارەبا چاک بکەنەوە.

هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ناوچەی تەل تەمری کانتۆنی حەسەکە بەردەوامە.

بەپێی سەرچاوە خۆجییەکان، تیمی کارەبای سەر بە ئەنجومەنی ناوچەی تەل تەمر، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ هێزەکانی روسیا سەردانی گوندی ئوم ئەلکێفی کرد بۆ ئەوەی تەلی کارەبای گوندەکە کە بچڕابوو چاک بکەنەوە. هێڵی کارەبا بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورک پچڕابوو.

کاتێک تیمەکە گەیشتە گوندەکە، یەکسەر رووبەرووی هێرش بووەوە. بەو هۆیەوە تیمی کارەبا و هێزی رووسی ناچار بوون بگەڕێنەوە.

دەوڵەتی تورک بە ئەنقەست خەڵكی مەدەنی دەکاتە ئامانج و ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان وێران دەکات کە ئەوەش تاوانێکی دژی مرۆڤایەتیە.

ف.ق