'دەوڵەتی تورک، نەک هەر هەرێمەکەمان، بەڵکو دەیەوێت تەواوی سوریا بخاتە ژێر دەستیەوە"

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بێریڤان خالید باسی لەوەکرد، کە دەبێت جیهان کاردانەوەی بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەبێت و وتی، "دەوڵەتی تورک نەک تەنیا هەرێمەکەمان، بەڵکوو دەیەوێت سوریا بخاتە ژێر دەستیەوە".

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بێریڤان خالید، لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکەوە کە لە شەوی ١٩ی تشرینی دووەمەوە بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستیانپێکردووە قسەی بۆ ANF کرد.

'هێرشەکان بۆ رۆژێکیش رانەگیراون'

خالید ئاماژەی بەوەکرد کە شۆڕشی رۆژئاوا بەدواوە، دەوڵەتی تورک هێرشدەکاتە سەر هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و بەم جۆرە دوا: "بۆ رۆژێکیش هێرشەکان رانەگیراون. لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی عەفرین، گرێ سپی، سەرێکانی، جەرابلوس، باب و عەزاز داگیرکراون. بەو هێرشانەی بەردەوامن دەیانەوێت بەرفراوانتری بکەن. بەداخەوە لە مانگی تشرینی دووەمدا جارێکی تر دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە ناوچەکەمان".

'دەیانەوێت هەرێمەکە لە خەڵک چۆڵ بکەن'

خالید سەرنجی راکێشا بۆ سەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "دەوڵەتی تورک بە هێرشەکانی ئێستا و هێرشەکانی پێشوو، زۆر تاوانی شەڕی ئەنجامداوە. هێرشکرایە سەر مەدەنییەکان و ژێرخانی مەدەنی. دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا تاوانی شەڕ دەکات. هەمووان دەزانن کە ئەو هێرشانە دەبنە هۆی قەیرانی مرۆیی. سیاسەتی پاکتاوکردنی خەڵکی هەرێمەکە بەڕێوەدەبردرێت. بەو هێرشانە دەیانەوێت کە گەلەکەمان چاوترسێن بکەن بۆ ئەوەی ناوچەکە لە خەڵک چۆڵ بکەن".

'کاردانەوەکان لە دژی کۆمەڵکوژی دێرک، بێکاریگەربوون'

خالید سەرنجی راکێشا بۆ سەر بێدەنگی هێزە نێونەتەوەییەکان و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا:" کاردانەوەکان بەرامبەر بە کۆمەڵکوژی دێرک بێکاریگەر بوون. لە هەرێمەکە تەنیا دەوڵەتی تورک هێرشی نەکردە سەر ئێمە. ئێمە رووبەرووی دڕندەیی داعش بووینەوە. ئێمە هەرێمەکە و جیهانمان لە داعش رزگار کرد. خەڵکی هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەرێمەکەیان لە داعش پاراست و جیهانیشیان لە تیرۆر پاککردەوە. ئەوانەی دژی داعشی تێکۆشان ئەمڕۆ رووبەڕووی تیرۆری دەوڵەتی توک و داعشن، بەڵام جیهان هێشتاش بێدەنگە. بە دەیان هەزار کەس بۆ ئەوەی جیهان و هەرێمەکە لە تیرۆر رزگار بکەن گیانی خۆیان بەخت کردووە. سەرباری ئەو هەموو گیانبازییە کەس دەنگ هەڵنابڕێت".

'بەتەنیا گەلەکەمان خاوەنداری لە هەرێمەکە کرد'

خالید ئاماژەی بە کاردانەوەکانی خەڵکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کرد کەدژی هێرشەکان و وتی، "ئەوانەی خاوەندارییان لە هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کردووە، تەنیا گەلن. گەلەکەمان ئەو هێرشانە قەبوڵ ناکات. گەلانی کورد، عەرەب، تورکمان، سوریان، ئەرمەن و چەرکەز لە کاتی شۆڕشی رۆژئاوا بە دواوە خاوەنی هەڵوێستن، سوورن لەسەر بەڵێنی پاراستنی هەرێمەکە. ئێمە وەک خۆبەڕێوەبەریش هەڵوێستی خۆمان ئاشکرا کرد. ئێمە رێگە نادەین کە کەس دەستدرێژی بکاتە سەر دەستکەوتی شەهیدانمان و شۆڕشی رۆژئاوا-باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. ئێمە شۆڕشی رۆژئاوا دەگەیەنینە ئەنجام و شۆڕشی رۆژئاوا دەبێتە نمونەیەک بۆ سوریا.

'هێرشەکان پوچەڵ دەکەینەوە'

بێریڤان خالید داوای لە خەڵکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کرد کە بە دەوری خۆبەڕێوەبەرییەوە یەکبگرن و وتی، "ئێمە پێکەوە ئەو هێرشانە پوچەڵ دەکەینەوە. ئێمە دەستکەوتەکانی شەهیدانمان، نە بۆ دەوڵەتی تورک و نە بۆ داعش جێناهێڵین".

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بێریڤان خالید، داوای لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کرد و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "جیهان دەبێت خاوەنداری لە رۆژئاوا بکات و بە هەڵوێستێکەوە بەرامبەر بە هێرشەکان بوەستێتەوە. دەوڵەتی تورک نەک هەر هەرێمەکە، بەڵکو دەیەوێت تەواوی سوریا بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە. دەبێت ئیتر جیهان بەرامبەر بە دەوڵەتی تورک دەنگ هەڵبڕێت".

هـ . ب