گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خاوەندارێتی لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" دەکات

دەسپێشخەریی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشداری لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەکات.

ئەو هەڵمەتەی لەلایەن پلاتفۆرمی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد لە ٧٤ شاری جیهان دەستی پێ کرد، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەنگی دایەوە.

دەسپێشخەریی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربارەی ئەم مژارە، لە یاریگای شەهیدانی ١٢ ی ئاداری قامیشلۆ بە زمانی کوردی و عەرەبی ڕاگەیاندراوێکی چاپەمەنی پێشکەش کرد. ئەندامانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، بەڕێوەبەر و ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنی و جڤاکییەکان، پارتە سیاسییەکان، ڕیش‌سپی عەشیرەتە کوردی و عەرەبییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان، تەڤدەم و سەدان کەس بەشداری چالاکییەکە بوون.

ڕاگەیاندراوەکە بە زمانی کوردی لەلایەن ئەندامی دەسپێشخەریی گەل حەنا خەلیل، بە عەرەبی لەلایەن ئەندامی دەسپێشخەرییەکە ئەنوەر ئەلئەسیر، خوێنرایەوە. تێیدا باس لەوە کرا، لە ٧٤ شاری جیهانی هەڵمەتەکە دەستی پێ کردووە، دەسپێشخەریی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش بەشداری هەڵمەتەکەی کردووە.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ملیۆنان کورد ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەک ئیرادەی سیاسی خۆیان دەبینن و گوترا "هەروەها عەرەب و سریانی و زۆر کەس لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان بە ڕێبەری خۆیان ناوی دەبەن؛ وەک چارەسەرێک بۆ کێشەی گەلە چەوساوەکان، گرووپە ئیتنیکی، ئایینی، مەزهەبی، زایەندی، ئیکۆلۆژی و نایەکسانی سەیر دەکرێت. بۆیە وەک ڕێبەری گەلان قبوڵ دەکرێت".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا تیشکخراوەتە سەر گۆشەگیری و هاتووە: "ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و کاری نامرۆڤانە دەبێتەوە. سەرەڕای ئەمەش، فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئیلهامبەخش بووە بۆ ئەو هەموو بازنانەی بەدوای چارەسەردا بگەڕێن، بۆیە دۆزی ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دۆزێکی جیهانییە، لە سەرانسەری جیهان، پارت و ڕێکخراو و دامەزراوە و کەسێتییەکان بەشداری چالاکییەکان دەکەن".  

باس لەوە کراوە، پرسی کورد، پرسێکی نێونەتەوەییە، دەڵێت "مافە سیاسی و چاندییەکانی کورد پێشێل کراون، کۆمەڵکوژ کراوە، ملیۆنان کورد کۆچبەر کراون. ئەو هەڵمەتەی کە دەستی پێکردووە لەسەر ئاستی جیهاندایە، ئەگەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت لە هەموو کەس زیاتر پێشەنگایەتی دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئازادی و ئاشتی. بۆیە دەبێت ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان ئازاد بکرێت، ڕەوشێکی گونجاو بڕەخسێت تا بتوانێت ڕۆڵی سیاسی خۆی بگێڕێت و کێشەی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوین چارەسەر بکات.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە، بەم بۆنەیەوە، دەسپێشخەریی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش بە درووشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" بەشداری هەڵمەتەکە دەکات و هاتووە: "بانگەواز لە هەموو ڕێکخراوە جڤاکییەکانی ژنان و گەنجان و پارتە سیاسییەکان و پێکهاتەکان دەکەین، بەشداری ئەم هەڵمەتە بکەن. ئێمە بەبێ وەستان، لەڕێگەی سیاسی و یاسایی و دیپلۆماسی و چالاکیی گەلەوە، تێکۆشان پێش دەخەین".