گەمارۆی سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفییە چڕ دەکرێتەوە و دانیشتوانەکەشی بە پێداگرییەوە بەرەنگاری دەکەن

دانیشتوانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە ١٣ی ئازارەوە لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە لەژێر گەمارۆی قورسدان و هاووڵاتییانی ئەو ناوچە گرنگانەی حەڵەب سوورن لەسەر ئەوەی بەرگری و بەرەنگاری بکەن.

پێش شەڕی سوریا نزیکەی ٦٠٠ هەزار کورد لە حەڵەب دەژیان. لەدوای دیمەشقی پایتەخت حەڵەب گەورەترین شاری سوریایە. حەڵەب پایتەختی پیشەسازی و بازرگانی ئەو وڵاتەیە. دوو ڕێگای نێونەتەوەیی، کە سوریا بەیەکەوە دەبەستنەوە، واتە ڕێگای ئێم ٤ و ئێم ٥ بەم شارەدا تێدەپەڕن و یەک دەگەن.

گەڕەکی شێخ مەقسودیش گەورەترین گەڕەکی کوردنشینە لە حەڵەب و زۆربەی دانیشتوانەکەی خەڵکی عەفرین و کۆبانێ-ن.

لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە لە ساڵی ٢٠١١ەوە شەڕی گەورە لەو گەڕەکەدا ڕووی دەدا. هەم گروپە چەتەکان و هەم هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دەیانخواست گەڕەکەکە داگیر بکەن، بەڵام ڕۆڵەکانی گەڕەکەکە و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بە بەرخۆدانی بێوێنەوەیان زێد و نیشتیمانەکەیان پاراست.

گەڕەکی شێخ مەقسود لە دوو بەشی (شێخ مەقسودی ڕۆژئاوا و شێخ مەقسودی ڕۆژهەڵات) پێکهاتووە. لای ڕۆژهەڵاتی گەڕەکەکە لەسەر گردێک دروست کراوە و مرۆڤ دەتوانێت لەسەر ئەو گردەوە تەواوی شاری حەڵەب ببینێت، بۆیە شوێنێکی ستراتیژییە.

گەڕەکی شێخ مەقسود لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی دیمەشقەوە گەمارۆدراوە. ٢ ڕێگر و رێبەندی سەرەکی لەنێوان هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و گەڕەکی شێخ مەقسوددا هەیە. ڕێبەندی ئەوارێد لە ڕۆژئاوای گەڕەکەکە و ڕێبەندی ئەلجەزیرە لە باشوری گەڕەکەکە. هەر دوو ڕێبەندەکە لە دەستی لیوای چواری حکومەتی دیمەشقدان. لەو ڕێبەندانەوە خواردن و خواردنەوە و سووتەمەنی ناچێتە ئەو گەڕەکانەوە.

لیوای چوارەم لەساڵی ١٩٨٤ لەلایەن ماهیر ئەسەد برای سەرۆکی سوریاوە دامەزراوە. لە سوریا خاوەن پێگە و شوێنێکی جیاوازە و لە لایەن حکومەتەوە بودجە و پێداویستیی بۆ دابین دەکرێت. هەروەها بۆ ئەوەی ئەو لیوایە ببێتە بەهێزترین گروپی سوریا ڕاهێنانی جیاواز و تایبەتیان پێکراوە. بە وتەی هەندێک لە سیاسەتمەداران ئەو لیوایە لە ڕووی سەربازییەوە بە سەر تەواوی سوریادا زاڵە.

دوای ئەوەی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکرا، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی عەفرین چوونە گەڕەکی شێخ مەقسود. ئێستا نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس لەو گەڕەکەدا نیشتەجێن.

نزیکەی مانگێکە هێزەکانی لیوای چواری سوریا گەڕەکەکەیان بە قورسی گەمارۆ داوە تاوەکو لەمپەر و کێشەى گەورە بۆ ئەنجوومەنی گشتیی گەڕەکەکە دروست بکەن و جارێکی دیکە بەردەوام بن لە سیاسەتی پێشووی پاکتاوکاری لە دژی کورد، کە پێش ساڵی ٢٠١١ بەڕێوەیان دەبرد. بۆ ئەوەش ناهێڵن هیچ شتێک بچێتە گەڕەکەکەوە، گەرچی ئەم گەمارۆیە بەپێی ئەم بارودۆخە و کەمبوونەوەی شەڕ لە ناوچەکە بە زەقی و قورسی دیارە، بەڵام هێزەکانی لیوای چواری سوریا ماوەی ٤ ساڵە گەڕەکەکەیان گەمارۆ داوە و گەمارۆیان بەسەر ئەو گەڕەکەدا سەپاندووە.

لە ١٣ی ئازاری ٢٠١٦دا و کاتێک بارهەڵگرێکی شەکر هەوڵیدا لە ڕێبەندەکەى ئەلجەزیرەوە بڕوات بۆ گەڕەکی شێخ مەقسود لەلایەن لیوای چوارەوە تەقەی لێکرا و بارهەڵگرەکە نەیتوانی بڕواتە ناو گەڕەکەکە.

له‌و كاته‌وه‌ هیچ شتێك ناچێته‌ ناو گه‌ڕه‌كه‌كه‌وه‌، به‌ڵام له‌ رێگه‌ی بازرگانانی بچوك، كه‌ به‌  پێدانی پاره‌ به‌ لیوای چواره‌م دروست دەکرێن هه‌ندێك كه‌لوپه‌ل ده‌برێتە‌ ناو گه‌ڕه‌كه‌كه‌ و له‌ بازاڕی ره‌ش ده‌یانفرۆشن. بۆ نمونه‌ نه‌وت له‌ بازاڕی ره‌ش: ٤٣٠٠ لیره‌ی سوریه‌، گازۆلین (به‌نزین): ٥٧٠٠ لیره‌ی سوری و هه‌روه‌ها بتڵێك غازی ماڵان به‌ ٩٥ هه‌زار لیره‌ی سوریه‌.

له‌ ١٣ی ئازاره‌وه‌ ئارد نه‌چووه‌ته‌ ناو گه‌ڕه‌كه‌كه‌ و ئه‌و كۆگایانه‌ی ئاردیان تێدا هه‌ڵگیرابوو به‌تاڵن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ به‌م مانگی ره‌مه‌زانه‌ بێ نانن، به‌ڵام دانیشتووانی گه‌ڕه‌كی شێخ مه‌قسود باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ هه‌رگیز و بە هیچ شێوەیەک سه‌ر بۆ كرده‌وه‌كانی رژێمی به‌عس دانانه‌وێنن و جه‌ختیش ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ بۆ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و پلانانه‌ ئاستی به‌رخودان و تێكۆشان به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌.

دانیشتووانی شێخ مه‌قسود بۆ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌و سیاسه‌ته‌ بوه‌ستێته‌وه‌ رێپێوانێكی جه‌ماوه‌رییان ساز كرد. له‌ رێپێوانه‌كه‌دا په‌یامی گرنگیان به‌ حكومه‌تی دیمه‌شق و رای گشتی دا، كه‌  سیاسه‌تەکانی برسیكردن و گه‌مارۆ هه‌رگیز قه‌بوڵ ناكه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یان خسته‌ڕوو، كه‌ به‌رامبه‌ر گروپه‌ چه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك چه‌ندین ساڵ شه‌ڕیان كردووه‌ و سه‌ریان بۆ كه‌س دانه‌نه‌ناوندووه‌، هه‌ر بۆیه‌ با كه‌س به‌خه‌یاڵیشیدا نه‌یەت، ئه‌وان ناهێڵن شكۆیان پێشێل بكرێت.

سه‌رباری ئه‌وه‌ش، ماوه‌ی ٨ رۆژه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دیمه‌شق ناهێڵێت ده‌رمان و پێداویستیی ته‌ندروستی بچێته‌ گەڕەکەکە‌. هه‌روه‌ها نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید خالید فه‌جر، كه‌ خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی پێشكه‌ش به‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ ده‌كات بانگه‌وازی كردووه‌، كه‌ له‌به‌ر گه‌مارۆ ده‌رمان كه‌مبووه‌ته‌وه‌ و ناتوانن نه‌خۆشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

به‌ڵام به‌ گوێره‌ی وته‌ی ئه‌و بریكارانه‌ی ده‌رمانی ته‌ندروستی ده‌بنه‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌، له‌ رێگه‌ی پێدانی به‌رتیل به‌ لیوای چواره‌مه‌وه‌ ده‌توانن له‌گه‌ڵیان سەودا و‌ گفتوگۆ بکەن و به‌ پێی بڕی ده‌رمانه‌كه‌ له‌ ٢٥ هه‌زاره‌وه‌ تا ١٠٠ هه‌زار یاخود زیاتر ده‌رمان ببه‌نه‌ ناو گه‌ڕه‌كه‌كه‌،  به‌ڵام تائێستا به‌ هیچ جۆرێك ئه‌و شته‌ نه‌چوه‌ته‌ ناو گه‌ڕه‌كه‌كه‌، جگه‌ له‌ سه‌وزه‌ و هه‌ندێك جۆری گۆشت.

ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتیی پارتی یه‌كێتی دیموكراتیك (په‌یه‌ده‌) له‌ حه‌ڵه‌ب محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌لیكۆ سیاسه‌تی حكومه‌تی دیمه‌شقی به‌ سیاسه‌تی نامرۆڤانه‌ و نا ئه‌خلاقی پێناسه‌ كرد و وتی، "ئاڵۆزییه‌كانی سوریا گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغێكی كۆتایی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش حكومه‌تی دیمه‌شق ده‌یه‌وێت جارێكی تر سوریا بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دۆخی به‌ر له‌ ٢٠١١، به‌ڵام گه‌له‌كه‌مان گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی زانابوون و ناسین و ده‌زانێت كه‌ راستی پارتی به‌عس چییه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌و رێكخستنه‌ی له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شێخ مه‌قسود و ئه‌شره‌فیه‌ ده‌كرێت هه‌روه‌ها ئه‌و ئارامی ئاسایشه‌ی له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ هه‌بوو، بۆ به‌رژوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی دیمه‌شق و لایه‌نگرانی باش نه‌بووه‌، هه‌ر بۆیه‌ ویستیان هه‌موو كات له‌ ناوچه‌كه‌ پشێوی ساز بكه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی داخستنی رێگاکانەوە ڕێگری لەوە دەکەن، كه‌ مادده‌ی خۆراكی و سوته‌مه‌نی بگاتە گەڕەکەکە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە پشێوی ساز بكه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له‌ بری ئه‌وه‌ی حكومه‌تی دیمه‌شق ببێته‌ ناوه‌ندێكی چاره‌سه‌ری به‌داخه‌وه‌ بووه‌ته‌ ناوه‌ندی دروستكردنی ته‌نگه‌ژه‌ و ئاڵۆزی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئێمه‌ و گه‌له‌كه‌مان، به‌ یه‌ك ده‌ست و یەکگرتوویی سیاسه‌ته‌كانی برسیكردنی حكومه‌تی دیمه‌شق تێكده‌شكێنین و ئاستی به‌رخودانی خۆمان به‌رزده‌كه‌ینه‌وه‌".

ژ. ت/ هـ . ب