گەنجانی عەرەب: لەگەڵ هێزە سەربازیەکانی قەسەدە خاکەکەمان دەپارێزین

رێکخستنی گەنجانی عەرەبی رەقا بە راگەیەندراوێک ئاماژەیان بەوەدا کە بۆ پاراستنی خاکەکەیان و بۆ رزگارکردنی هەرێمە داگیرکراوەکان شان بە شانی هێزە سەربازیەکانی قەسەدە وڵاتەکەیان دەپارێزن.

بە بەشداری هەموو دەزگاکانی گەنجان لە رەقا، گەنجان راگەیەندراوێکیان بڵاکردەوە و ئاماژەیان بە ئامادەبوونیان بۆ بەرگری لەدژی هێرشەکان کرد.

راگەیەندراوەکە لەلایەن ئیسماعیل رەقاوە خوێندرایەوە. رەقا ئاماژەی بە هێرشی داگیرکەریدا و رایگەیاند کە دەوڵەتی تورک بەم هێرشانە دەیەوێت خەو و خەیاڵی عوسمانی جێبەجێ بکات.

رەقا باسی هزر و فەلسەفەی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد و وتی، " دەوڵەتی تورک لە بناغەدا هێرش دەکاتە سەر هزر و فەلسەفەی رێبەر ئاپح و دەیەوێت پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتی لەناوببات."

رەقا وتیشی کە دەوڵەتی تورک بە ئامانجکردنی ئابوری و ژێرخانی کۆنەڵگا دەیەوێت کێشەی ئابوری و ژیانی دروست بکات.

ئەوەشی خستەڕوو کە راپەرین لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی خوڵقاوە و دەوڵەتی تورک لەو سەرهەڵدانە دەترسێت کە لە باکوری کوردستان بڵاوبێتەوە.

رەقا راشیگەیاند کە دەوڵەتی تورک لە چیا ئازادەکان تێکشکاوە و بەم هێرشەکانی سەر رۆژئاوا دەیەێت شکستەکەی بشارێتەوە و وەک سەرکەوتن پیشان بدات.

لە کۆتاییدا ئیسماعیل رەقا دەڵێت، گەنجان تۆڵەی شەهیدان دەکەنەوە و شان بە شانی هیزە سەربازیەکان تاوەکو ئازادی خاکە داگیرکراوەکان تێدەکۆشن و بەرخۆدان دەکەن.

دوای راگەیەندراوەکە گەنجان دروشمی 'بژی قەسەدە'، 'بژی سەرۆک ئاپۆ'، ' ژن، ژیان، ئازادی' و ' تۆڵەکردنەوە'یان وتەوە.

ف.ق