گەنجانی ڕۆژئاوا دژی پیلانگێڕی و بۆ سڵاوکردن لە هەڵمەتەکە ٣ ڕۆژ ڕێپێوان دەکەن

گەنجانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی ٩ ی تشرینی یەکەم و سڵاوکردن لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد"، بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ ڕێپێوانی درێژ ئەنجام دەدەن.

تەڤگەری گەنجانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ، بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی ٩ ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەروەها بۆ سڵاوکردن لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد"، بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ ڕێپێوانێکی درێژ ئەنجام دەدەن. ڕێپێوان لە ١٤ ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٩:٠٠ لەبەردەم یاریگای ١٢ ی ئادار لە شاری قامیشلۆ دەست پێ دەکات.

ڕێپێوانکەران بە ناوچەکانی تربەسپی و چلاغا و ڕەمیلان و گەرکی لەگی تێدەپەڕن. ڕاگەیاندرا، لە بەرنامەی ڕێپێوانەکەدا، فیلم و سیمینار و سینڤیزیۆن و نامەی شەهیدان ئەرداڵ شاهین و ڕۆژهات زیلان پێشکەش دەکرێن.

چالاکییەکە پاش ٣ ڕۆژ لە شاری دێرک بە گردبوونەوەیەک کۆتایی دێت.

تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ بانگەواز لە هەموو گەنجان دەکات بەشداری ڕێپێوانەکە بکەن.