هاوسەرۆکانی پەیەدە: چارەسەری لە ئازادکردنی خاکە داگیرکراوەکاندایە

هاوسەرۆکانی پەیەدە رایانگەیاند، کە بە فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشان بەردەوامە و جەختیشیان کردەوە، بۆ چارەسەری سیاسیی قەیرانی سوریا دەبێت خاکە داگیرکراوەکان ئازاد بکرێن.

کۆنگرەی دەیەمینی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) بە بەشداری ٧٠٠ ئەندام لە حەسەکە بەردەوامە.

لە کۆنگرەکەدا ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە وتارێکی پێشکەش کرد و بەستنی دەیەمین کۆنگرەی پارتەکەی لە گەلانی هەڕێمەکە و رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پیرۆز کرد و وتی، "لە سآڵی ٢٠٠٣ەوە ئێمە لەم رێپێوانەداین. رێپێوانەکەمان تائێستا بەردەوامە. تەنگوچەڵەمە و دژواری زۆرمان بینی. بە درێژایی ئەو ساڵانە توانیمان ببینە پێشەنگی گەلانی هەرێمەکە و ئێستاش بەو جۆرەیە. ئێمە لەسەر رێبازی خۆمان و خاوەنداری لە خوێنی شەهیدانین".

موسلیم ئاماژەی بە فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی، "ئێمە لێکۆڵینەوەمان لە مێژووی گەلان کرد و وانەی گرنگمان لێدەرهێنا. بینیمان کە دوژمنانی گەلان سود لە پرش و بڵاوی وەردەگرن و گەلان وەک کەرستە بەکاردەهێنن. بۆیەش رێبەرمان فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکی وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی خوشک و برایەتی گەلان پێشکەش کرد. لێرە رامانێکی رۆشن هەیە کە دەتوانێت بۆ تەواوی گەلان ببێتە رۆشنایی. ئێمە بەو فەلسەفەیەوە پەیوەستین، لە بەر ئەوە ئەو فەلسەفەیە کەشتی رزگاریدەرە لە ستەم و بندەستی".

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ساڵح موسلیم باسی لەوەکرد کە ئەوەی لە سوریا روویداوە وایکردووە کە وڵاتەکە ببێتە چەقی شەڕی جیهانی سێمە. گەلەکەمان شارەزایی و ئەزمونی بەدەستهێنا. مەشخەڵمان هەیە کە رێگەمان رۆشن دەکاتەوە. بەڵێنمان بە رێبەرایەتی شەهیدان داوە کە ئەوەی بەدەستدەهێندرێت بۆ گەل بێت. چەندە گەلەکەمان زانا بێت ئەوەندە سەرکەوتن دەبێتە پشکی گەل. ئێمە وەفاداری شەهیدان و رێبەرایەتیمان دەبین".

موسلیم ئەوەشی خستەڕوو کە چارەسەری ئاڵۆزییەکانی سوریا لە رێگەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکەوە مسۆگەر دەبێت.

لە درێژەدا سەبارەت بە یەکڕیزی لایەنە کوردیەکان ساڵح موسلیم هاسەرۆکی پەیەدە وتی، "بۆ بونیادنانی یەکگرتوویی و یەکڕیزی پارتە کوردییەکان چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتە جیاجیاکان سازکردووە و دەمانەووێت یەکریزی ناوماڵی کورد دەستەبسەر بکەین. دیالۆگمان بەردەوامە. لەسەرەتاوە تائێستا هەوڵ دەدەین روانینێکی یەکگرتووانە لەنێوان سەرجەم پارەکان ساز بکەین".

ساڵح موسلیم لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە "لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە هەندێک لایەن هەبوون دەیانویست ئێمە لە دیالۆگەکان دووربخەنەوە، تا ئەوەی دۆخی سوریا گەیشتە ئەم ئاڵۆزیانە. ئێمە ئێستاش لایەنێکی دیالۆگەکانین، هەوڵدەدەن چارەسەری بهێنینەدی. ئێمە ئەندێشەکانمان بە زیندوویی رادەگرین. پارتەکەمان بە پێشەنگایەتی دەمێنێتەوە. دەبێت هەمووان بزانن کە خەباتی ئێمە بۆ پێکهێنانی گۆڕانکارییەکی دیموکراتیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

لای خۆشیەوە لە وتارێکدا هاوسەرۆکی پەیەدە ئاسیا عەبدوڵا باسی لەوەکرد کە لە قۆناغێکی زۆر دژواردا دەیەم کۆنگرەی پارتەکەیان ساز دەکەن و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئاڵۆزییەکان بوونە گرێکوێرە و لەسەر ئاستی هەڕێمایەتی و جیهان کاریگەرییان لەسەر هەرێمەیان داناوە.

ئاسیا عەبدوڵا سڵاوی ئاراستەی هێزەکانی بەرخودان کرد  و وتی، "یەپەگە و یەپەژە گیانبازییەکی گەورەیان کردووە. ئەمرۆش بە پێشەنگایەتی قەسەدە ئەو دەستکەوتانەی بەدیهاتوون پارێزگارییان لێدەکرێت".

ئاسیا عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو نەخشانەی لەسەر مێز دەکێشرێن چارەسەرییان پێ نییە و وتی، "لەسەر حیسابی گەلان و نکۆڵیکردن لە مێژووی گەلان نەخشە و پلانەکان دادەڕێژرێن. بە تایبەتی لە عەفرین، گرێسپی و سەرێکانی ناوچەی داگیرکراو بوونیان هەیە. ئۆپۆزسیۆن ئیتر بەشێکە لە داگیرکەری. ئەرکی ئێمەش رزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکان و تێکۆشانە لەپێناو ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند. ئەو ئەرکە یەک لە ئامانجە لەپێشینەکانی پارتەکەمانە. بە بێ رزگارکردنی خاکەکەمان و بە بێ مسۆگەر کردنی یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سوریا هیچ چارەسەریەک مسۆگەر نابێت. دەبێت هەرێمە داگرکراوەکان رزگاربکرێن. ئێمەش لەم بوارەدا درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین".

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاسیا عەبدوڵا ئاماژەی بە سیستمی ئەشکەنجە و جینۆساید لە ئیمراڵی کرد و ئەوەی خستەڕوو، کە زیاتر لە ٣ ساڵە گۆشەگیرییەکی رەها بەردەوامە. لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەر عەبدووڵا ئۆجالان و چارەسەر پرسی کورد ئێمە لە هەموو گۆڕەپانەکاندا گور بە تێکۆشان دەدەین".

هەروەه هاوسەرۆکی پەیەدە ئەوەی خستەڕوو کە یەکێتی نەتەوەیی یەک لە ستراتیژەکانی پەیەدەیە و وتی، "ئەرکمانە کە هێڵی نەتەوەیی لە چوارچێوەی ستراتیژی دیموکراتیک و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد بپارێزین. بۆ چارەسەری پرسی کورد لە سوریا و بونیادنانی سوریایەکی دیموکراتیک و ناناوەندی ئێمە ئامادەین رۆڵی پێشەنگایەتی بگێڕێن. یەکێتیی بزوتنەوە سیاسیەکانی کورد لە هەموو کایەکاندا گرنگە. لەوپێناوەدا ئێمە درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین".

دوای دتەکانی هاوسەرۆکانی پەیەدە بەڵگەفیلمێک لەسەر خەبات و چالاکییەکانی پەیەدە نمایش کرا.

کۆنگرەکە بەردەوامە لە کارەکانی..