کۆنگرەی پەیەدە لە حەسەکە دەستیپێکرد
ئەمڕۆ بە بەشدارییەکی زۆری ئەندامانی، کۆنگرەی ١٠هەمی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) دەستیپێکرد و بڕیارە دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ بە بەشدارییەکی زۆری ئەندامانی، کۆنگرەی ١٠هەمی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) دەستیپێکرد و بڕیارە دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە هۆڵی سەردەم لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بە درووشمی "پێکەوە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، چەسپاندنی خۆبەڕێوەبەری و دامەزراندی سوریایەکی دیموکراتیک مسۆگەر دەکەین" کۆنگرەی ١٠هەمینی پەیەدە لە ٢١هەمین ساڵوەگەڕی پەیەدەدا دەستیپێکرد و بڕیارە دوو ڕۆژ (٢١ و ٢٢ی ئەیلول) بەردەوام بێت.
لە هۆڵی کۆنگرەکەدا چەندین پانکارتی وەک؛ "پەیەدە پارتی شەهیدان و خەباتە"، "تێکۆشانمان بەردەوام دەکەین"، "فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی مسۆگەری کۆمەڵگەیەکەی ئەخلاقی، سیاسی و دیموکراتیکە" و... لەگەڵ وێنەی پێشەنگانی پەیەدە؛ شیلان کۆبانێ، زەکەریا، جوان، فواد و جەمیل کە لەساڵی ٢٠١٤دا لە کۆمەڵکوژییەکدا شەهید بوون هەڵواسرابوون.
لە کۆنگرەکەدا وێڕای ئامادەبوونی ٧٠٠ ئەندام کۆنگرە، ئەڤین سوێد و حسێن عوسمان هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هاوسەرۆک و نوێنەری چەندین پارت و دامەزاراوەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا ئامادەبوون.
دەستپێکی کۆنگرەکە بە خولەکێک وەستان بۆ شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی دەستیپێکرد و دواتر هاوسەرۆکی پەیەدە ئاسیا عەبدوڵا دەستی بەقسەکردن کرد.
بە گوێرەی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەکە؛ بە ناوی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و کۆنگرە ستاریش قسەدەکەن. هەروەها وتاری پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرە و سینەڤیسیۆنێک دەربارەی کارەکانی پەیەدە پیشان دەدرێت.
لە کۆنگرەکەدا سوپاسنامە پێشکەشی بنەماڵەی شەهیدان دەکرێت، هەروەها ڕاپۆرتی ئەنجومەنی پەیەدە و ڕوانگەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش دەخوێنرێنەوە.
هاوکات پەیڕەوی پارتی (پەیەدە) بە گوێرەی پێشنیار و بۆچوونەکان دەگۆڕدرێت، دواتر ئەنجومەنی گشتی پارتەکە و هاوسەرۆکایەتی نوێ هەڵدەبژێردرێن.
شایانی بیرهێنانەوەیە کە پەیەدە یەکەمین کۆنگرەی خۆی بە بەشداری ١٨٥ نوێنەر لە مانگی ئەیلولی ٢٠٠٣ لە چیاکانی کوردستان بەست. لە کۆنگرەکەدا دامەزراندنی پەیەدە ڕاگەیەندرا.