هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامە، قەسەدە چوار درۆنی خستەخوارەوە
ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە ڕایگەیاند هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، ئاماژەی بەوەشدا کە هێزەکانیان چوار درۆنی خستووەتەخوارەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە ڕایگەیاند هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، ئاماژەی بەوەشدا کە هێزەکانیان چوار درۆنی خستووەتەخوارەوە.
ناوەندی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتاکانی، وە بەرپەرچدانەوەی ڕەوای بەرخۆدانی شەڕڤانانیانی بڵاوکردوە و ئاماژەی بەوەکرد لە بەرپرچدانەوەکاندا چوار درۆنی دەوڵەتی تورک خراونەتە خوارەوە، وە ئۆتۆمیبلێکی سەرباز گواستنەوە و دوو سیستەمی ڕادار تێکشکێندراون.
ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدە بەم شێوەیە:
"ماوەی سێ مانگە بە دڕندەرترین شێوە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووری بەردەوامە، لەو هێرشانەدا هەموو چەکێکی قورس، فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنن.
لە بەرەی بەندوای تشرین؛ دوێنێ (سێ شەممە) سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە چەکی قورس گوندەکانی دەرووبەری بەنداوی تشرینیان بۆردوومان کرد، هاوکات فڕۆکەی جەنگی گوندی خربەت ئەل زەمالای لە باکووری بەنداوەکە بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا زیانێکی ماددی زۆری لێکەوتەوە.
چەتەکانی داگیرکەر لە هەوڵیاندا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دژی سەنگەری هێزەکانمان هێرش ئەنجام بدەن، لە ئەنجامدا هێزەکانمان چوار لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەیان خستەخوارەوە.
لە بەرەی قەرەقۆزاق؛ فڕۆکەی جەنگی لە دەرووبەری پردی قەرەقۆزاق گوندی خەسەقی بۆردوومان کرد، لە ئەنجامدا زیانێکی ماددی زۆری لێکەوتەوە. هەروەها سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی گوندەکانی ئەل تینا، جەدا، بیر حسۆ، خەسەق، دیکان، مەلحە و سەنە و گردی سێڤێ و قەرەقۆزاقی بە زیاتر لە ٨٠ هاوەن تۆپباران کرد و زیانێکی ماددی بەر موڵک و ماڵی گوندنشینان کەوت.
لە دژی هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانییدا، شەڕڤانانمان هێرشی سەر بارەگایەکی سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەرییان لە دەروبەری پردی قەرەقۆزاق ئەنجامدا، لە ئەنجامدا ئۆئۆمیبلێکی سەربازی تێکشێکندرا، کە بۆ گواستنەوەی سەربازی بەکاردەهێندرا. هەروەها لە دژی بارەگایەکی دیکەی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای پردەکە چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا ٤ سەربازی داگیرکەر بریندار بوون و دوو سیستەمی ڕاداریش تێکشێندرا.
بە درێژای رۆژ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورک بەسەر ئاسمانی هەرێمی دێر حافردا سوڕاوەتەوە."