هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر تەل تەمر و زرگان بەردەوامە

هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ناوچەی زرگان و تەل تەمری کانتۆنی حەسەکە بەردەوامە. لە هێرشەکاندا لانیکەم ٤ کەسی مەدەنی شەهید بوون و ١٧ کەسیش بریندار بوون.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە شەوی سێشەممەوە دەستی بە هێرش کردووە بۆ سەر ناوچەی زرگان. لە تەل تەمریش دەولەتی داگیرگەر لە ٢٢ی مانگەوە هەوڵ دەدات بارەگاکانی ئەنجومەنی سەربازی سوریان داگیر بکات.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرش دەکاتە سەر گوندەکانی داودیە، ئینق ئەلهەوا و باب ئەلخێر. ئێوارەی چوارشەممەش هەرێمەکە سەرلەنەوێ تۆپبارانکرا.

لە رۆژی دووەمدا گوندەکانی ئەسەدیە، خربێت سەعیر، دادا عەبدال، تەل وەرد، تەک هەرمەلە، رەبیعەت و تەل شەعیری رۆژئاوا، باکور و باشوری زرگان تۆپبارانکران. لە ماوەی ٢ رۆژدا لانیکەم ١٨٠ تۆپ بەر هەرێمەکە کەوتوون. زیانێکی زۆری مادیش دروست بووە.

لە هێرشەکاندا لانیکەم ٤ کەسی مەدەنی شەهید بوون و ١٤ کەسیش بریندار بوون کە یەکێکیان ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخویە.

رۆژی سێشەممە کاتژمێر ١٧:٣٠ گوندەکانی تەل سەنان، تەل جومعە، ئوم ئەلکێف، تەل خرابیت و تاویلی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی تەل تەمر تۆپبارانکران. لە هێرشەکاندا ٣ سەربازی حکومەتی سوریا بریندار بوون و زیانێکی زۆر بەر گوندنشینان کەوت.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک رۆژی چوارشەمە هەوڵیدا گوندەکانی ئوم ئەلکێفی تەل تەمر داگیر بکات. هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی تەل تەمر و ئەنجومەنی سەربازی سوریانی وڵامیان دایەوە و دوو چەتەی سەر بە ئەنقەرە کوژران و چەتەیەکیش بریندار بوو.

ف.ق