کۆنگرە ستار: پێویستە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دژی سزای لەسێدارەدان بوەستنەوە

کۆنگرە ستار سەبارەت بە بڕیاری سزای لەسێدارەدان دژی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد دژی سزای لە سێدارەدان بوەستنەوە.

کۆنگرە ستاری کانتۆنی فورات سەبارەت بە بڕیاری سزای لەسێدارەدان بەسەر چالاکوانانی کورد پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

ڕاگەیاندراوەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد لە کۆبانێ لە لایەن مەیسون کاواری ئەندامی کۆنگرە ستار خوێندرایەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ماوەیەک لەمەوبەر دادگای باڵای ئێران بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو ژنە چالاکوانی کورد، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دا، بە تۆمەتی چالاکی چەکداری و ئەندامبوون لە یەکێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکاندا سەپاند. جێی ئاماژەیە ئەو دوو چالاکوانە کوردە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی زۆر بوونەتەوە. هەروەها دیداری بنەماڵەکانیان لێ قەدەغە کراوە و ڕێگەیان پێنەدراوە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان پارێزەر بگرن."

هەروەها ئەوەش راگەیەندرا: "وه ک دەزانرێت پەخشان عەزیزی وەک چالاکوانێکی کۆمەڵایەتی له باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هاوکاری و پاڵپشتی ئەو کچ و ژنانەی کردووە کە له دەست داعش ڕزگار دەکران. هەروەها وریشە مورادی وەک چالاکوانێک له بەرخۆدانی کۆبانێ دا لە دژی چەتەکانی داعش بەشداری بەرخۆدان بووە."

کۆنگرە ستار لە ڕاگەیاندراوەکەییدا سزای لەسێدارەدانی شەرمەزار کرد و داوای لە سەرجەم ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد دژی سزای لەسێدارەدان دەستوەردان بکەن و ئەو سزایە هەڵبوەشێننەوە.