ئەنجوومەنی کۆنگرەی ستاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە گۆشەگیریی تووندی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و بێدەنگیی سی پی تی نامەیەکی ئاراستەی سی پی تی کرد.
لە نامەکەدا هاتووە، گۆشەگیرییەکی توند لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەیە و هەموو مافە مرۆیی، یاسایی و سیاسییە نێونەتەوەیەکان پێشێلکراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ماوەیەکی زۆرە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نییە و ڕێگە بە پارێزەران و بنەماڵەکان نادرێت سەردانیان بکەن و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام بدەن. ڕێکخراوە نێونەتەوەییە پەیوەندیدارەکانیش لەبەرامبەر ئەو دۆخەدا بێدەنگن.
لە درێژەی نامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، سی پی تی یەکێکە لەو رێکخراو و دامەزراوانە، کە چاودێریی بارودۆخی ئیمراڵی دەکات، بەڵام تا ئێستا بێدەنگە و ئاشکرایە کەوتوەتە ژێر کاریگەری هێزە سیادی و باڵادەستەکان.
لە کۆتایی نامەکەدا داوا لە سی پی تی کراوە، کە بەپێی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی هەڵسوکەوت بکات و دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕوون بکاتەوە و کار بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری و لێپرسینەوە لە تاوانباران بکات.
ژ.ت