"کورد لەبەرامبەر تیرۆر دەوەستێتەوە، پێویستە هەموو جیهان پشتگیری کورد بکات"

زەید یوبی لێکۆڵەر و شارەزای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، حکومەتی ئەنقەرە هەوڵی تێکدانی ئیرادە و سەقامگیری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەدات و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە جیهان پشتیوانی کورد بکات.

زەید یوبی، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی فەلەستین و شارەزای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەبارەت بە هێرشەکانی سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

'هێرشەکە تەنها بۆ سەر کورد نییە'

یوبی ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکانی سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا فرەلایەنە و هەڵسەنگاندنی سەبارەت بە ئامانجی هێرشەکان بەم شێوەیە کرد: "نابێت مرۆڤ هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا تەنها بە وەک هێرشێک بزانن. بە داگیرکەری هەژمار دەکرێت، ئامانجی لەشکرکێشییەکە تێکدانی ئارامی ناوچەکەیە، بۆیە ئێمە لەشکرکێشی نەک هەر وەک هێرشێک بۆ سەر کورد دەبینین، هێرشەکە بۆ سەر هەموو رۆڵەکانی ناوچەکەیە، لە هەمان کاتدا، مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات، ئەردۆغان دەیەوێت مافەکانی گەلانی ناوچەکە پێشێل بکات."

'رێگەدان بە هێرشەکە دەبێتە هۆی مردنی هەموو کەسێک'

یوبی هەڵوێستی زلهێزەکانی وەک ئەمەریکا سەبارەت بە هێرشەکە هەڵسەنگاند و وتی "ئەمریکا لەلایەک دەڵێت دژی ئەو هێرشانەن، بەڵام لەلایەکی ترەوە دەڵێت 'ئێمە لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگەین'، ئەمە هەڵوێستێکی مەترسیدارە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە رێگە بە هێرشەکان دەدات. ئەم گڵۆپە سەوزە بۆ هێرشەکان هەوڵێکە بۆ کوشتنی کورد، بە بۆچوونی من ئەردۆغان گڵۆپی سەوزی لە هەندێک دەوڵەت وەرگرتووە کە بە شێوەیەکی داخراو هێرش بکاتە سەر ئەو ناوچانە.

'بەپەلە دەستوەردان بکەن'

یووبی داوای "دەستوەردانی خێرای" لە دژی هێرشەکان کرد و وتی "دەبێت رای گشتی نێودەوڵەتی دەستبەجێ چارەسەری دۆخەکە بکەن. دەبێت سنوورێک لەبەردەم ئەم داگیرکارییەی تورکیادا دابنرێت. دەبێت ئەردۆغان ناچار بکرێت کۆتایی بە خراپکاریەکانی بهێنێت لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا .دەبێت جیهان لە بەرامبەر ئەمەدا هەنگاو بنێت، گرنگە چالاکوانانی مافی مرۆڤ و سەندیکا عەرەبییەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان لە دژی ئەم داگیرکارییە هەنگاو بنێن و هەڵوێستی جددی نیشان بدەن، ئەردۆغان تەنها هێرش ناکاتە سەر کورد، هێرش دەکاتە سەر سوریا، عێراق،  میسر و لیبیا. بۆیە ئەمە پرۆژەیەکی داگیرکارییە، دەبێت هەموو لایەک دەستبەجێ بەرامبەر ئەمە بوەستنەوە، رای گشتیی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم بابەتە کەمە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت پێش هەموو شتێک رووبەڕووی هێرشەکانی ئەردۆغان بێتەوە. هەموو هێرشێک کە تورکیا دەیکات، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە”.

'کۆمەڵگەی عەرەبی لەدژی داگیرکەریەکانی ئەردۆغانە'

یوبی ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە جیهانی عەرەبی بەرامبەر ئەردۆغان بوەستێتەوە و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "ئەردۆغان دەیەوێت وڵاتانی عەرەبی ئاشت بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێکهاتەی عەرەبی بە چاوی داگیرکەر و بکوژێک سەیری ئەردۆغان دەکات، دەمەوێت بانگەوازی کۆمەڵگەی عەرەبی بکەم، دژی داگیرکاری تورکیا هەڵوێست پیشان بدەن.ئەردۆغان دوژمنێکی وەک ئیسرائیلە، کۆمەڵگەی عەرەبی دژی ئەم داگیرکارییە و لەگەڵ دۆزی کوردە. لە کەنداوی عەرەبیەوە تا جەزائیر و لوبنان و تونس لەگەڵ کوردە. دژی ئەردۆغانە. هەموو ڕۆشنبیرێک ، تێکۆشەر، نیشتمانپەروەرێک گرنگە دژی ئەم داگیرکارییە کار بکات. ئەردۆغان بکوژی سەدەیە، هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان، دەبێت ئەردۆغان لە دادگا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

'گەلی کورد و گەلی فەڵەستین یەک چارەنووسیان هەیە'

یوبی راشێگەیاند هەموو ئەو کردەوانەی ئیسرائیلی داگیرکەر لە فەلەستین دەیکات، تورکیا لە بەرامبەر کورد دەیکات و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان خاوەنداری لە کورد دەکەن و وتی، "ئێمە وەک گەلی فەلەستین بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی گەلی کورد دەکەین. گرنگی بە دۆزی گەلی کورد دەدەین. ئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە، بەسەر گەلی کوردیشدا هاتووە. سڵاوی گەرمی گەلی فەلەستین بۆ کورد دەنێرین، کورد زۆر تێکۆشەر و دێرینە لە ناوچەکەدا، بۆیە هێرشکانی سەر گەلی کورد، دژی هەموو پێکهاتەکانی ئەم هەرێمەیە. ئێمە وەک گەلی عەرەب پێویستە لەدژی هێرشەکانی سەر گەلی کورد بوەستینەوە."

'هێرشەکان تێدەشکێندرێن، دەسەڵاتی ئەردۆغانی بێئەخلاق دەرووخێت'

زەید ئەلیوبی پیرۆزبایی لە خەباتی کورد لەدژی داگیرکەری کرد و وتی "کورد تونێلێکە کە ڕێگری لە داگیرکاری دەکات، بۆیە دەبێت لەگەڵ گەلی کورددا بین. هەموو ئەو کەسانەی ئازادییان دەوێت، هەمووی نیشتمانپەروەران و هەموو ئەوانەی کە مەترسییەکە دەبینن، دەبێت بەرامبەر داگیرکاری بوەستنەوە. دژی داگیرکاری دەبێت لە دەوری دۆزی کورد، لە دەوری هەسەدە کۆببینەوە. هەمووان پێویستە پشتگیری لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بکەن. جیهان پێویستە هەسەدە وەک مۆدێلێک ببینێت. چونکە کورد نەک هەر بۆ خۆی، بەڵکو بۆ ئازادیخوازانی خەڵکی ناوچەکەش خەبات دەکات.

پێویستە لوتی ئەردۆغان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەر زەوی بکەوێت. خەباتی گەلی کورد لە بەرزترین ئاستدایە. بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەلی کورد دەکەین. ئێمە پێمان وایە رژێمی شۆڤێنی ئەردۆغان لەناو دەچێت. من لە قودسەوە بە ناوی گەلی فەلەستینەوە بە گەلی کورد ەەڵێم، ئێوە تەنیا بۆ خۆتان شەڕ ناکەن، بەڵکو بۆ هەموو جیهان شەڕ دەکەن. ئیرادەی ئێوە، خەباتتان، بەرخۆدانتان سەرچاوەی سوودوەرگرتنە بۆ هەموو جیهان."

ف.ق