کوردیناسیۆنی شنگال: بڕیارەکەی دادگای عێراق شایەنی ڕێزە

کوردیناسیۆنی شنگال بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق لە ڕاگرتنی لێبوردنی گشتیی بە ئەرێنی بینی و ئاماژەی بەوەدا کە بڕیارێکە شایەنی ڕێزە.

کوردیناسیۆنی پێکهاتە و هێزە نەتەوەییەکانی شنگال سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر ڕاگرتنی بڕیاری لێبوردنی گشتیی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە؛ لە کاتێکدا کە ئەوان لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوون کە پەرلەمانی عێراق دان بە کۆمەڵکووژی ئێزدییەکاندا بنێت و تاوانباران دادگای بکرێن، ٢ یاسا دەرکرا کە لە بەرژەوندی گەل و کەمە نەتەوەییەکانی عێراقدا نەبوو.

هەروەها ڕاگەیاندرا لەبەر ئەمەش دادگای فیدڕاڵی عێراق یاساکەی هەڵوەشاندەوە و بڕیارێکی لە جێگەی دانا.

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە پەرلەمانی عێراق بە پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی پێشوو، گوێی لە ئێش و ئازاری قوربانییەکانی نەگرتووە، هەروەها مەترسییەکی گەورەی لەسەر کەمینەکانی وەک ئیزدی، مەسیحی، شیعە، سوننە و پێکهاتەکانی دیکە دروستکرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیارێکی بەم شێوە وەک لێبوردنی گشتیی دەبووە هۆی ئەوەی ئارامی هەرێمەکە لەبار بچێت، دەبوو بە هۆکارێک کە شەپۆلێکی نوێی کۆچبەری ڕووبدات.

کوردیناسیۆنی پێکهاتە و هێزە نەتەوەییەکانی شنگال ئاماژەیان بەوەکرد کە لەبەر ئەم هۆکارانە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە ڕەتکردنەوەی یاساکان جێگای ڕێزە و پشتگیری لێدەکەین.