ڕاگەیاندراوی دادگای گەلانی ڕۆژئاوا: دەوڵەتی تورک تاوانی جەنگ و مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات

لە دادگای گەلانی ڕۆژئاوا شاندی دادگا کە پێش بڕیارەکە ڕاگەیاندراوی سەرەتای خستەڕوو، ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک بە ئامانجی قڕکردن بەشێوەیەکی سیستەماتیک تاوانی جەنگ و مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات. دادگا بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد هەڵوێست وەربگرن.

دەوڵەتی تورک بەهۆی ئەو تاوانەی جەنگانەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامی داوە، لە دادگای گەلانی ڕۆژئاوا لە بروکسلی پایتەختی دادگایی کرا. پاش دانیشتن بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ، دادگا ڕایگەیاند بڕیاری دەستبەجێ نادەن، بەڵام بڕیاری سەرەتایی ڕادەگەیەنن.

پاش پشوودان، سەرۆکی دادگا بڕیارەکانی سەرەتای ئاشکرا کرد.

ئاماژە بەوە کراوە شاندی دادگا لە دانیشتنی ٥٤ ی دادگای هەمیشەیی گەلان لە بەراوری ٥-٦ ی شوباتی ٢٠٢٥ دەوڵەتی تورکی دادگایی کردووە بەهۆی تاوانەکانی لە ساڵی ٢٠١٨ ـەوە تا ئەمڕۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەڵێت: " دادگاییکردنەکە لەسەر داوای ٩ ڕێکخراو لە ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو. تۆمەتباران ئاگادارکرانەوە بەڵام وەڵامیان نەدایەوە و ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون.

پێش هەموو شتێک سڵاو لە بوێریی گەلی ڕۆژئاوا دەکەین و بەتایبەتی سوپاسی ئەو کەسانە دەکەین کە ئەزموونەکانیان بۆ ئێمە گێڕایەوە. سوپاسی داواکاری گشتی و شایەتحاڵان و ڕێکخراوە بەشداربووەکان دەکەین کە بەڵگەی بەرفراوانیان پێشکەش بە دادگا کرد.

١- شایەتحاڵەکان

ئەو شایەتحاڵانەی گوێبیستیان بووین، سزای سیستەماتیک و بەردەوامیان لەسەر گەل ئاشکرا کرد. تاوانەکانیان چین؟ کوردبوون واتە بنیاتنانی کۆمەڵگایەک کە لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری و یەکسانی. ئامانج لەم سزایە لەناوبردنی شوناس و هەبوون و کەلتووری کوردە.

لە عەفرین کە لە ساڵی ٢٠١٨ لە لایەن تورکیاوە داگیرکرا، گەلی کورد بە زۆرەملێ لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەرکران. ڕێژەی گەلی کورد لە سەدا ٩٠ بۆ سەدا ٢٥ دابەزیوە؛ ماڵەکانیان دەستی بەسەردا گیرا و عەرەبی سوننە و تورکمان لە جێگەیان دانران کە بەشێکی زۆریان لەبەر هێرشەکانی حکومەتی سوریا هەڵهاتن. ماڵ و موڵکیان بە شێوەیەکی سیستماتیک تاڵان کرا، تابلۆی دوکان و ناوی شەقامەکان گۆڕدرا بۆ تورکی، سیستەمی پۆستە و دراو گۆڕدرا بۆ لیرەی تورکی، زمانی پەروەردەش لە کوردییەوە گۆڕدرا بۆ تورکی. زەوییە کشتوکاڵییەکان و کارگەکان دەستیان بەسەردا گیرا، پیشەسازی زەیتون کەوتە ژێر کۆنترۆڵی تورکیا و زەیتونەکان دووبارە خرانە پاکەت و وەک بەرهەمی تورکی فرۆشران.

زۆرێک لە کۆچبەران کە بێبەش بوون لە خزمەتی تەندروستی و بژێوی ژیان، ناچار بوون لە کەمپە قەرەباڵغەکانی شەهبا نیشتەجێ بن. دوای شەپۆلێکی دیکەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بەشێکی تریان لە هەرێمەکانی شەڕەوە ڕوویان لە تەبقە کرد. بەپێی وتەی شایەتحاڵان، ١٢٠ هەزار کەس بە زۆرەملێ ئاوارە کراون و ٤٠٪ منداڵن و ٤٠٪ ژنن و ئەوانی دیکەش بەساڵاچوو و هەژارن. ڕاگەیەندرا کە ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا ئاوارە بوون ٣٠٠ هەزار کەسە.

هەندێکی دیکەش ڕوویانکردە تەل ڕەفعەت، لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە ئەنجامی ٢ بۆمب کە سوپای تورک بەسەر منداڵاندا باراندی کە لە شەقامی نزیک قوتابخانەیەک گەمەیان دەکرد، ١٠ کەس گیانیان لەدەستدا کە ٨ یان منداڵ بوون. هەروەها ٩ کەس برینداربوون و هەموویان منداڵ بوون. شایەتحاڵێک ڕایگەیاند کوڕە ٥ ساڵەکەی کوژراوە و منداڵێکی ٧ ساڵانیشی بریندار بووە، هێرشی لەم جۆرە پاش داگیرکردنی عەفرین چەندین جار دووبارە بوونەتەوە.

شایەتحاڵەکان لە ئیفادەکانیاندا دووپاتیان کردووەتەوە، چالاکوانانی سیاسی و تیمەکانی فریاکەوتن بەشێوەیەکی میزاجی کوژراون، مرۆڤەکان بەزۆرەملێ بێسەروشوێن کراون و لە ٩ ی بەیانیەوە تا ١٧:٠٠ ئێوارە زیندانیان ئەشکەنجەدراون و هاوار و ناڵاندنیان دەگەیشتە گوێی هەمووان، شایەتحاڵێک گوتی: "ئەو ئازارەی لە دەستبەسەریدا بینیم، تا کۆتایی ژیانم هەستی پێ دەکەم". ڕاگەیاندرا کە ژن و منداڵ بە زۆرەملێ ڕفێندراون، دەستدرێژی کراوەتە سەریان، قوتابخانە و وێستگەکانی شەمەندەفەر گۆڕاون بۆ زیندانی نهێنی و لە دادگاکانی ژێردەستی میلیشیاکاندا هیچ دادپەروەرییەک نەبوو.

٢- ئەوە مۆدێلەی لە ئارادایە؛

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی سووریا بە بێ ڕێگەدانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان تاوانە.

بەڵگەکان نیشاندەری ئەوەن کە بۆردوومانکردن، هێرشی فڕکەی بێفڕۆکەوان، دڕندایەتی کە لە دژی خەڵکی سڤیل ئەنجام دراوە، کۆچبەرکردنی خەڵک، کۆچبەرکردنی زۆرەملێ و گۆڕاندن و تێکدانی دیمۆگرافی، وێرانکردنی ئەنقەستی ژێرخانی ئاو و وزە، زیان گەیاندن بە ژینگە، وێڕانکردنی میراتی کولتووری و دامەزراوە پەروەردەییەکان، ئەشکەنجە، دەستبەسەکردنی نهێنی و دەستدرێژی، هەموو ئەمانە تاوانە لە دژی یاسا نێونەتەوەییەکان. ئەم تاوانانە لە چوارچێوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و شەڕدان و نیشاندەری ئامانجی قڕکردنن.

٣- پاراستنی تورکیا و نوێنەرایەتی ڕۆژئاوا؛

تورکیا بانگەشەی ئەوەدەکات ئۆپەراسیۆنەکانیان بە ئامانجی "خۆی لە تیرۆرستانی ڕۆژئاوا دەپارێزێت" ئەنجام دەدرێت. بەڵام هەموو ئەمانە بانگەشەی بێ بنەمان.

بەڕێوەبەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (مەسەدە) کە لە ساڵی ٢٠١٤دا دامەزراوە، مۆدێلێکە لەسەر بنەمای دیموکراسی ڕاستەقینە، دادپەروەری، هاوبەشی ئەتنیکی، یەکسانی ڕەگەزی و ڕەگەزەکانی ئاشتییە. تورکیا هەوڵدەدات ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەناوبەرێت. هەروەها دەگوترێت زۆرینەی ئەو گرووپە چەکدارییانە تورکیا پشتگیرییان دەکات، گرێدراوی داعشە.

٤- دۆخی ئێستای سووریا؛

هەرچەندە زۆرینەی بەڵگەکان لە ٢٠١٣ەوە تا کۆتایی ٢٠٢٤ـە، پێشهاتەکانی کۆتایی وایکرد هەڵسەنگاندن لەسەر ئێستا و داهاتوو بکرێت. بۆ ئایندەی گەلی کورد گرنگ و کاریگەرە ئیداری نوێی سووریا، مەسەدە وەک ئیدارەیەکەی خۆبەڕێوەبەری قبوڵبکات و ڕێز لە هەبوون، کولتوور و سەربەخۆی گەلی کورد بگرێت.

٥- ئەرکەکانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی؛

کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئاگاداری ئێش و ئازاری گەلی کورد و ئەم تاوانانەیە، کەچی هیچ هەنگاوێکی بەرچاو نەهاوێژراوە. لەبەرئەوەی مەسەدە لەلایەن هیچ دەوڵەتێکەوە دانی پێدا نەنراوە و ڕێگەی یاسایی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی لێ داخراوە، گەلی کورد نەیتوانیوە بەدوای دادپەروەرییدا بگەڕێت. پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، مەسەدە وەک حکومەتێکی دیموکراتیک قبووڵ بکات، تورکیاش هێرش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی بوەستێنێت. گەر ئەمە نەکرێت، کەوایە ڕێگە لە قڕکردن لە ڕۆژئاوا ناگیرێت.