لە شەنگال ٥٤ـەمین گۆڕی بە کۆمەڵ ‌هەڵدرایەوە

لە شەنگال ٥٤ـەمین گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدرایەوە. ئاماژە بەوە درا کە زۆربەی ئەو کەسانەی لەم گۆڕە بەکۆمەڵەدان لە پێکهاتەی شیعەی شنگالن.

بەشی پزیشکی دادوەری و دەزگای هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دوێنێ دەستیان کرد بە هەڵدانەوەی ٥٤ـەمین گۆڕی بە کۆمەڵ. بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، زۆربەی ئەو کەسانەی لەم گۆڕە بەکۆمەڵە دەرهێنراون، پێکهاتەی شیعەی شنگال بوون و لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کۆمەڵکووژکراون.

تا ئێستا لە شنگال زیاتر لە ٩٤ گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە. لەو ٩٤ گۆڕە بەکۆمەڵانە تەنها ٥٤ گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراوەتەوە. لەم دواییانەدا گۆڕێکی بەکۆمەڵی دیکە لە کۆمەڵگەی تەلبەنات لە شنگال دۆزرایەوە، کە ئێسکی زۆر کەسی تێدابوو لە نێو خرابوونە ناو تەنکەری ئاوەوە.

بە هەزاران ئێسک دۆزرایەوە. بەشێکیان دەستنیشانکران و ڕادەستی کەسوکاریان کراوە. هەروەها ئێسکی بەشێک لە قوربانییەکان لە پزیشکی دادوەری بەغدادن و بەو پێیەی پشکنینی (DNA) هێشتا تەواو نەبووە، تا ئێستا ناسنامەیان دیاری نەکراوە و تاوەکو ڕادەستی کەسوکاریان بکرێت.

چەندین جار کۆمەڵگەی ئێزدی و بە تایبەت ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری داوایان لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردووە دەستبەجێ دەست بکەن بە هەڵدانەوە ئەو گۆڕانە و چارەنووسی ونبووەکان دیاری بکەن، بەڵام تا ئێستا دەوڵەتی عێراق گوێی بەو داواکاریانە نەداوە.

شایەنی بیرهێنانەوەیە کە تاوەکو ئێستا چارەنووسی زیاتر لە ١٠ هەزار ئێزدی نادیارە و زۆرینەیان ژنن.