بە بۆنەى ساڵیادی هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ سەر عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانییەوە، لە کانتۆنەکانی قامیشلۆ و حەسەکە لە هەرێمی جزیرە، سەدان هەزار هاووڵاتیی رژانە سەر شەقامەکان و هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و گروپە چەتەکانیان ئیدانە کرد.
خۆپشاندانە جەماوەرییەکان بۆ ئیدانەکردنی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین، لە شارەکانی قامیشلۆ، تربەسپی، تل حەمیس، تل بەراک، گرگێ لەگێ، تل کۆچەر، دێرک، عامودێ، دربێسییە، حەسەکە، کامپی واشوکانی و تل تەمر بەڕێوەچوون.
سەدان هەزار هاووڵاتی کورد، عەرەب، سوریانی و پێکهاتەکان، نوێنەرانی دام و دەزگا و رێکخراوەکان، کەسایەتییەکان، رێشسپییان، دەزگای بنەماڵەى شەهیدان، نوێنەرانی حیزبەکان، گەنجان، ژنان و هەموو چین توێژەکان لەو ١٢ شارەدا بەشداری خۆپیشاندانەکان بوون.
لە خۆپیشاندانەکاندا جەخت لە رزگارکردنی عەفرین و بەرەنگاربوونەوەى هەوڵە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و گروپە چەتەکانی کرایەوە.
لە خۆپیشاندانەکاندا وێنەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، منداڵانی عەفرین، بۆردومان و تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و هەوڵەکان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین و وێنەى شەهیدانی بەرخودانی سەردەم لە عەفرین بەرزکرابوونەوە.
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی ٣ ساڵ لەوە پێش و لە رۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا هێرشیان کردە سەر عەفرین و بە بەکارهێنانی پێشکەوتوترین چەک و تەکنەلۆژی سەربازی لە ئاسمان و زەمینەوە و بە ئەنجامدانی چەندین کۆمەڵکوژی، لە دوای ٥٨ رۆژ بەرەنگاریی بەرخودانی سەردەم، کە لە مێژوودا بێ هاوتایە، عەفرینیان داگیرکرد.
لەو کاتەوە گەلی عەفرین و هێزەکانی رزگاریی عەفرین لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە جەنگ و بەرخوداندان و پێداگرن لەسەر رزگارکردنی عەفرین لە داگیرکەریی تورک و گروپە چەتەکان.
ژ.ت