لە عەفرین ٢١ كەس ڕفێندران و ٥٠٠ داری زەیتون بڕانەوە

دەوڵەتی داگیركەری تورك لەنیوەی مانگی ئادارەوە زیاتر لە ٢١ كەسی لەعەفرین رفاندووە و زیاتر لە ٥٠٠ دار زەیتونیشی بڕیووەتەوە.

دەوڵەتی تورك لەساڵی ٢٠١٨ەوە عەفرینی داگیركردووە و رۆژانەش تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات.

رفاندنی خەڵك، ئەشكەنجە، تاڵانكاری و هەڕەشەكردن بوونەتە دیاردەیەكی رۆژانە. تەنیا لەنیوەی مانگی ئادارەوە تا ئێستا بەلانیکەمەوە ٢١ كەسیان رفاندووە.

لە ١١ی نیساندا لە ناوچەی ماباتا كەسێك، لە ٨ی نیسان لە ناوچەی جێندرێس كەسێك، ٥ی نیسان لە گوندی گۆرزێلی ناوچەی شێرئاوا كەسێك، ٣ی نیسان لەناوچەی شەرا كەسێك و لە ٢ی نیسان لەگەڕەكی ئەشرەفییەی عەفرین ٢ كەسیان رفاندووە.

زۆرینەی ئەو كەسانەی لەلایەن دەوڵەتی توركی داگیركەرەوە رفێندراون چارەنووسیان دیار نییە. بەپێی زانیارییەكان بۆ بەردانی ژمارەیەك لەو كەسانە، داوا لە بنەماڵەكانیان كراوە كە پارە و   فیدیە بدەن.

دەوڵەتی توركی داگیركەر هاوكات سەرچاوە بنەڕەتیەكانی ژیانی گەلیشی تاڵان كردووە. لەنێوان دوو هەفتەی رابردوودا، زیاتر لە ٥٢٢ دار زەیتونی و داری تریان بڕیوەتەوە.

گروپە چەتەكانی دەوڵەتی تورك هاوكات دەستیان بەسەر زۆر دوكان و ماڵی خەڵك لە عەفرین و لەگەڕەكی ئەشرەفییەدا گرتووە. بەگوێرەی زانیارییەكان تەنیا چەتەكانی ئەلشامییە دەستیان بەسەر ٧٥ دوكان و ٤٥ زەویی كشتوكاڵیی عەفرینیەكاندا گرتووە.

ژ.ت