لە حەسەکە و قامیشلۆ چالاکییەکانی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" بەڕێوەچوون

لە حەسەکە گەل و یەکێتی ژنانی ئێزدی حەسەکە، بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەشداری هەڵمەتەکە بوون. دەسپێشخەریی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەست بە چالاکی دانانی خێوەت کرد.

دۆستانی گەلی کورد، پارت و سەندیکاکان ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەم، لە ٧٤ وڵاتی جیهان هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"یان دەستپێکرد.

گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، زۆرێک لە دامەزراوە و دەزگاکان پاڵپشتی هەڵمەتەکەیان کرد. گەلی ناوچەکانی شەدادی و هۆڵ و شارۆچکەی دەشیشە و مەرگەدە لە باشوری حەسەکە بە ڕێپێوان پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتەکە دەربڕی.

ڕێپێوانەکە لە بەردەم ناوەندی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا لە شاری شەدادی دەستی پێکرد و لە شەقامی سەرەکییەوە تا پارکی ئۆندەرلیک بەردەوام بوو.

بەشداربووان پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئاڵا پەیەدەیان بەرزکردەوە؛ هەروەها پانکارتیان بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و سریانی هەڵگرتبوو بە نوسینی "ئازادی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان".

ئەندامێکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی شەدادی، ئایەت ئەلئیبراهیم، ​​قسەی کرد و سەرنجی بۆ گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاکێشا و گوتی: "ڕێبەرێتی لەژێر فشارێکی زۆردایە لەناو دیوارەکانی زیندانی ئیمراڵی".

لەسەر ناوی عەشیرەتە عەرەبییەکانی هەرێمی باشور، سەرۆکی عەشیرەتی ئەلمولحیم، مەزیر ئەلسوڵتان، گوتی: " ئەمڕۆ ڕێبەرێتی لە ژێر گۆشەگیری ڕەهادا هێڵراوەتەوە. بێدەنگی نێونەتەوەیی تا کەی بەردەوام دەبێت؟ ئێمە وەک گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوای کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری دەکەین".

ئەندامی مەجلیسی گشتی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە)، عەمار ئەلموسا گوتی: "بەرخۆدانی ڕێبەرێتی لە ئیمراڵی پیلانگێڕی پووچەڵ کردەوە و نەیهێشت بگاتە ئامانجەکەی. دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەم هێرش و بۆردومانانە هەوڵی شکاندنی ئیرادەی گەل دەدات".

ڕاگەیاندراوی ژنانی ئێزدی

یەکێتی ژنانی ئێزدی ڕۆژئاوا، ئەم هەڵمەتەی وەک هێزێکی جڤاکی مەدەنی نێونەتەوەیی و هەوڵێکی ئەخلاقی ناوبرد.

دووپاتیان کردەوە، تاکە ڕێگەچارە بۆ پرسی کورد، ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە.

لە قامیشلۆ چالاکی دانانی خێوەت

دەستپێشخەریی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەردەم بینای مەجلیسی کۆچبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری قامیشلۆ چالاکی دانانی خێوەتیان ئەنجامدا. لە یەکەم ڕۆژی چالاکییەکەدا کە پێشبینی دەکرێت ٧ ڕۆژ بخایەنێت، لە ناوەندی کانتۆنی قامیشلۆ و ناوچەی تربەسپی و گوندەکانەوە،  پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و سوریانی، ڕیش‌سپیانی عەشیرەتە کوردی و عەرەبییەکان، یەکێتیی و پارتەکانی سەر بە تەڤ-دەم بەشداریان کرد.

دایکانی ئاشتی بە پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و لافیتەی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" بەشداری چالاکییەکەیان کرد.

هەروەها ئەندامی دەستپێشخەری ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا، سولەیمان ئەحمەد و ئەندامی دەستپێشخەری گەل، شەمسە خان گولۆ قسەیان کرد.

سولەیمان ئەحمەد ڕایگەیاند، ئەوان پشتگیری لەو هەڵمەتە دەکەن کە پلاتفۆرمی چارەسەری پرسی کورد و ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێ کردووە.

شەمسە خان گوڵۆ داوای لە هەموو پارێزەران کرد کە ڕێگری لە سیاسەتە قێزەونەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بگرن و کۆتایی بە گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بهێنن کە مسۆگەری ئاشتی هەرێمەکەیە.

عاید ئیبراهیم ئەندامی هەماهەنگی تەڤ-دەم، ڕایگەیاند کە ئەم بەشدارییە بەرفراوانە لە چالاکییەکەدا نیشانەی ئەوەیە کە هیچ هێزێک لە دەنگی ئازادیی گەل بەهێزتر نییە.

هەروەها عاید گوتی: "ئەم پیلانگێڕییە لە کەسێتی ڕێبەرێتیدا دژی هەموو مرۆڤە ئازادەکان بەڕێوەدەچێت، ئێستە گەیشتۆتە ساڵی ٢٥ هەمین. دەوڵەتی داگیرکەر کە گۆشەگیریی توند ئەنجام دەدات، هەموو ماف و یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات. بێ گومان ئامانجی سەرەکی گۆشەگیری جیاکردنەوەی گەلانی جیهانە لە بیر و فەلسەفەی ڕێبەرێتی. بەڵام گەل لە دەوری ڕێبەرێتی یەکی گرتووە و هەموو ڕۆژێک بۆ پاراستن و ئازادی جەستەیی ڕێبەرێتی لە گۆڕەپانەکان ئامادەیە".

ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی تربەسپی، دیرۆک مەلا بەشیر، ڕایگەیاند، گەل سوورە لەسەر پاراستنی ئەو پرەنسیپە ئەخلاقی و ویژدانی و مرۆییانەی کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرجەستەیان دەکات.

دوای وتارەکان گرووپی مۆسیقای شەهید خەبات سترانی شۆڕشگێڕانەیان چڕی.

چالاکییەکە بە سینڤیزیۆنێک سەبارەت بە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بەردەوام بوو.