لە مانگی ئابدا ٤١٢ هێرش لەبەرانبەر گرێ سپی و عەین عیسا ئەنجامدراون

ئەنجومەنی سەربازی گرێ سپی رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە مانگی ئابدا، ٤١٢ هێرشی لەدژی عەین عیسا و گرێ سپی ئەنجامداوە.

ویسام ئەلعومەر وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی گرێ سپی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماری مانگی ئابی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر ناوچەکانی عەین عیسا و گوندەکانی گرێ سپی راگەیاند.

ویسام ئەلعومەر وتی، " دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سەرەتای داگیرکردنی کانتۆنی گرێ سپی و گوندەکانی لە ساڵی ٢٠١٩دا، ساتێکیش دەستی لە تاوانەکانی لەبەرانبەر گوندەکانی گرێ سپی و عەین عیسا هەڵنەگرتوە. ئامانجەکەشی کۆچبەرکردنی خەڵکی هەرێمەکەیە بۆ ئەوەی زەوی زیاتر لە سوریا داگیر بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هاوکات هێرش دەکاتە سەر هەموو باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و هێرشەکانی بۆ سەر گوندەکانی گرێ سپی و عەین عیسا زیاتر کردوە.

لە مانگی ئابدا ٤١٢ هێرش ئەنجامدراون

ئەلعومەر لەبارەی ئاماری مانگی ئابی هێرشی سەر عەین عیسا و گوندەکانی گرێ سپی رایگەیاند، " لە مانگی ئابدا ٤١٢ هێرشی سوک، قورس و بە درۆن ئەنجامدراون. لە ئاکامدا زیان بە موڵک و ماڵی هاوڵاتیان، دەزگا خزمەتگوزاریەکانی وەک وێستگەی دابەشکردنی ئاوی هیشا و فاتیسا کەوتوە. هەروەها بەهۆی بەئامانجگرتنی کارەبا، کارەبای هەرێمەکە پچڕاوە.

ئەلعومەر ئاماژەی بەوەکرد، ئەنجومەنی سەربازی گرێ سی مانگی رابردو وڵامی هێرشەکانی چەتەکانی تورکی دایەوە لە گوندی مشێفرێ و هێرشەکەیان تێکشکاندوە.

ف.ق