بە دیمەن

لە قامیشلۆ کەلتوور و هونەر بەدەستی ژنان دەڕازرێتەوە

لێژنەی کەلتوور و هونەری کانتۆنی جزیرە کارگەیەکی بەرگدووری و کاری دەستی بەناوی لیلیت بۆ ژنان دامەزراندووە. کولتوور و هونەری هەرێمەکە بەدەستی ژنانی ئەم کارگەیە ڕازاوەتەوە و درێژە بە کەلتووری هەزاران ساڵە دەدرێت.

کاتێک کولتوور سەرەنجمان ڕادەکێشێت یان پرسیارمان بۆ دەوروژێنێت، پێویستە لە بناغە مێژووییەکەیەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین. لەم کاتەدا دەبینین کە لە ئاستی یەکەمدا ژنان گوزارشت لە تایبەتمەندییە کولتوورییەکان دەکەن. ئەوانەی کە کولتوور دەپارێزن و درێژەی  پێ دەدەن، ژنانن و ئەوانەی کەلتووری ئەخلاق و مرۆڤایەتی فێری نەوەی نوێ دەکەن، هەر ژنانن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ژنان ئەوانەن کە بە هەزاران ساڵە تا ئەمڕۆ کەلتووری ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی دەپارێزن و پەرەی پێدەدەن.

لە ڕۆژائاوی کوردستان ژنان ئەو گرنگیانە دەناسن و بە بیر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە جێپەنجەی خۆیان لە مێژوودا دیار کردووە. ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە بەرەوپێشبردن و بڵاوکردنەوەی کولتوری کوردیدا. لێژنەی کولتوور و هونەری کانتۆنی جەزیرە بۆ پاراستن و پەرەپێدان و فراوانکردنی کەلتوور لە شاری قامیشلۆ کارگەیەکی بەناوی لیلیت بۆ ژنان دروستکردووە.

بەمەبەستی تێگەیشتن لە کار و کردەوەکانی ئەم کارگەیە و ئامانجی دروستکردنی ئەو جۆرە شوێن و کارانە، بەڕێوەبەری کارگەکە، نورهان فەتحی عەبدوڵا، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات چاوپێکەوتنی ئەنجامدا. نورهان فەتحی ڕایگەیاند کە ئەم کارگەیە ماوەی ٧ ساڵە دامەزراوە و وتی: "لە سەرەتادا لە شاری عامودێ شوێنێکی وامان دروست کرد، ئێستاش لە قامیشلۆ درێژەی پێدەدەین. لەم کارگەیە نزیکەی ١٠ ژن کاردەکەن. لە کارگەکەدا هەم بەشی چنین و هەم بەشی کاری دەستی هەیە، پارچە و جۆری جلوبەرگی ناوخۆیی دروست دەکرێت، هەروەها پێویستیەکانی دیکەی جلوبەرگی کوردی دروست دەکرێن."

هەروەها نورهان فەتحی، سەبارەت بە ئامانجی کارگەکە وتی: "ئامانجمان پاراستنی کولتوورەکەمانە، زۆربەی کارەکانمان لەسەر جلوبەرگی کوردی و پێداویستیەکانی ڕازاندنەوەی جوانتری جلوبەرگی کوردییە. ئەم کارگەیە بۆ ئەو ژنانە دروستکراوە کە توانای کاری چنین و کاری دەستیان هەیە و لە ماڵ دەمانەوە، بەڵام دێنە ئێرە و بەردەوام دەبن لە کارەکانیان، لێرە بۆ هەموو کەلتوورەکان جل و بەرگ دروست دەکرێت، جگە لەوەش لێرە دەورەی فێر بوون بۆ ژنانی گەنج دەکرێتەوە."