بە دیمەن

لە قامیشلۆ شەش شەڕڤانی قەسەدە بە خاک سپێردران

دانیشتوانی شاری قامیشلۆ بە مەڕاسیمیێکی شکۆدار تەرمی ٦ شەڕڤانی قەسەدەیان لە گۆڕستانی شەهید دەلیل ساروخان بەخاک سپارد.

دانیشتوانی شاری قامیشلۆ بۆ ٦ شەهیدی هێزەکانی قەسەدە، کۆماندۆس و مەدەنییەکانی هەرێمەکە لە گۆڕستانی شەهید دەلیل ساروخانی قامیشلۆ مەڕاسیمێکی جەماوەرییان بەڕێوەبرد. لە مەراسیمی بە خاک سپاردنی شەهیدان، بەهەزاران کەس و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک، کۆنگرەی ستار، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) و پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) بەشداربوون.

ناوی ئەو شەهیدانەی کە بە خاک سپێردران: "شەهید عەهید باران قامیشلۆ، شەهید بەسام ئەحمەد، شەهید یاشار ئیبراهیم، شەهید شێرزاد قامیشلۆ، شەهید ئاگری قامیشلۆ و شەهید چیا ڕوس"ـە.

دوای خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی شۆڕش، بە ناوی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی شاری قامیشلۆ جەواهێر عوسمان قسەی کرد و سەرەخۆشی لە کەسوکاری هەر ٦ شەهیدەکە کرد.

عوسمان گوتی: "هەرگیز خوێنی شەهیدەکانمان لەسەر زەوی بەجێناهێڵین و خاوەندارێتی لە شەهیدەکانمان دەکەین. هەروەها بەشداربوونی ئەو بنەماڵانە لە مەجلیسی بنەماڵەی شەهیداندا پیرۆز دەکەین. درێژە بە تێکۆشانی شەهیدانمان دەدەین و دژی دوژمن ڕادەپەڕین".

'بە سایەیی شەهیدان دەگەینە سەرکەوتن'

پاشان بە ناوی هێزە سەربازییەکان نوری مەحمود قسەی کرد و وتی: "ئەمڕۆ ٦ وڵاتپارێز بە خاک دەسپێرین. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو گەل دەکەین کە ئازادییان دەوێت. باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شوێنی قارەمانێتی و بەرخۆدان و تێکۆشانە. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە هەموو شێوازە پیسەکانی دەیەوێت گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تێکبشکێنێت. هەروەها با شام بزانێت کە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هی گەلی سوریایە و نابێت چەکی سوریەکان بەرانبەر گەلی سوریا بەرز بکرێتەوە. ئەگەر لەم بەشەی جیهاندا شوێنی شۆڕش هەبێت، ئەوا باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە. باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شوێنی پاراستن و بوون و دیموکراسییە. ئەو بەرخۆدانەی شەهیدەکانمان ڕابەرییان کرد، بەرخۆدانێکی شەرەفمەندانەیە. بەم هێزە سەردەکەوین و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ تەواوی سووریا دەبێتە داهاتوو. لە کۆتاییدا بەڵێنی سەرکەوتنمان و لە سایەی شەهیدەکانمانەوە سەرکەوتن بە دەست بهێنین".

'بە تێکۆشان وەڵامی شەهیدان دەدەینەوە'

پاشان شێخ مورشید خەزنەوی ڕایگەیاند کە نابێت گەلەکەمان خەمگین بێت بە بەخاک سپاردنی شەهیدان چونکە شەهید نامرن. شێخ مورشید خەزنەوی گوتی: "شەهیدان هێزی ئێمەن و ئەو هیوایانە کە لەسەری ژیان دەکەین. هەروەها هیچ شتێک لە شەهیدبوون بە شەرەفتر نییە. بۆیە هەمووان لەسەر ئەو ئەرکە شەهید دەبن، بەڵام شەهیدبوون بەرزترین ئاست و بەنرخترینە لە بووندا. هەموو کەسێک ناتوانێت بگاتە ئاستی شەهیدبوون، تەنها ئەوانەن کە گیانی خۆیان لە پێناو خاکدا فیدا دەکەن. گەلەکەمان لە قۆناغێکی زۆر گرنگدایە، هەر بۆیە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە پێکەوەبین و خاوەندارێتی لە خوێنی شەهیدەکانمان بکەین. لە هەمووی زیاتر پێویستە پشتگیری هێزی قەسەدە بکەین. لەبەر ئەوەی قەسەدە شەرەف و هیوای ئێمەیە. لە کۆتاییدا جارێکی تر سەرەخۆشی خۆمان بۆ کەسوکاری شەهیدان دەخوازین و بەڵێن دەدەین کە بە تێکۆشان و بەرخۆدان وەڵامی شەهیدەکانمان دەدەینەوە و خوێنیان لەسەر زەوی بەجێناهێڵین".

لە کۆتاییدا ناسنامەی شەهیدان خوێندرایەوە و بە هەلهەلە و دروشمی گەنجان، شەهیدانیان بە خاک سپارد.