لە ئورفاوە بۆ ئیمرالیی: زەمزەمەی ئاشتیی، دیموکراسیی و یەکسانیی…
لە دوورەوە، دەنگی پیری مەزن وەک مۆسیقایەکی ناسک دێت: “ئاشتیی… دیموکراسیی… یەکسانیی…” و دنیا، هێدی هێدی، گوێ بۆ ئەم زمزمەیە شل دەکات. چونکە دەزانێت ئەمە مۆسیقای ئازادییە.
لە دوورەوە، دەنگی پیری مەزن وەک مۆسیقایەکی ناسک دێت: “ئاشتیی… دیموکراسیی… یەکسانیی…” و دنیا، هێدی هێدی، گوێ بۆ ئەم زمزمەیە شل دەکات. چونکە دەزانێت ئەمە مۆسیقای ئازادییە.
لە بری پێشەکی:
ئورفا، شاری پێغەمبەر ئیبراهیم، هەزاران ساڵە گەواهی چیرۆکی خۆڕاگری و باوەڕ بووە. لەناو کۆڵانە تەنگە تاریکەکانی، لە سێبەری مزگەوتی خەلیل ئیبراهیم، چیرۆکێکی نوێ دەست پێ دەکات، چیرۆکی ئەشقێک کە لە دڵی ئازارەوە هەڵدەقوڵێت، چیرۆکی ڕێبەرێک کە ئومێد بە گەلێک دەبەخشێتەوە کە ناسنامەکەی لە نێو چیمەنتۆی ڕق و کینەدا زیندەبەچاڵ کراوە.
بەشی یەکەم:
ساڵی ١٩٢٥، دوای لە سێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران، ئاسمانی کوردستان ڕەش هەڵگەڕا. دەنگی زوڵم و ستەم بە هەموو کۆڵانێکدا بڵاو بووەوە. تورکە فاشیستەکان بە ئاشکرا دەیانوت: “دۆزی کوردمان لەسەر چیایەک ناشت و چیمەنتۆمان کردووەتە سەری!” لەناو ئەو تاریکییەدا، لە دڵی ئورفای پڕ لە خەم، چاوی لاوێک دەدرەوشێتەوە، چاوی عەبدوڵڵا ئۆجالان، کە دواتر بە “ڕێبەر ئاپۆ” بانگی دەکەن. ئاپۆ، وەک چۆن ئیبراهیم دژی نەمروود ڕاوەستا، ئەویش دژی ستەم و نادادپەروەریی نەمروودەکانی ئەمڕۆ ڕادەوەستێت. نەریتی ئاشتیی و دادپەروەریی ئیبراهیم لە ڕێگەی نەوەکانییەوە گواسترایەوە، تا گەیشتە ئۆجالان، کە هەمان ئەو پەیامە بە شێوازێکی نوێ زیندوو دەکاتەوە. هەروەک چۆن ئیبراهیم هەوڵی دا کۆمەڵگە لە بتپەرستیی ڕزگار بکات، ئۆجالانیش هەوڵ دەدات کۆمەڵگە لە کۆیلایەتیی و بندەستیی ڕزگار بکات، جا واوەتر بچێت تا چەمکی ژنۆلۆژیی دەهێنێتە ئارا، باوەڕی وایە ئازادیی ژن، ئازادیی کۆمەڵگەیە.
ئەگەرچی ڕێگەی خەبات دوورودرێژە، بەڵام ئۆجالان و پەکەکە هەرگیز دەستیان لە هەوڵەکانیان بۆ ئاشتیی هەڵنەگرتووە. “هیوا لە سەرکەوتن بەهادارترە” ئەم درووشمەی ئۆجالان، تەنها دەربڕینی ویستێکی کاتی نییە، بەڵکوو فەلسەفەیەکی قووڵە لەسەر بنەمای باوەڕبوون بە داهاتوو دامەزراوە. لە ڕەهەندێکی مێژوویی و ئایدۆلۆژییدا، ئۆجالان هەمیشە بانگەشەی چارەسەری سیاسیی و دیموکراسییانەی پرسی کورد دەکات. سەرەڕای ئەوەی ساڵانێکە لە زینداندا بەدیل گیراوە، لێ لە پێشکەشکردنی پڕۆژە و دیدگاکانی بۆ ئاشتیی و دیموکراسی بەردەوامە. ئاگربەستە تاکلایەنەکانی پەکەکە لە ساڵانی ڕابردوودا، بەڵگەی ڕاستەقینەی ئەو ویستەن بۆ ئاشتی و گفتوگۆ. ئەو بانگەوازانەی ئۆجالان بۆ ئاشتیی و دیموکراسیی نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە بووە، بە ئامانجی بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و یەکسان. مسۆگەر دەوڵەت نەتەوەی تورک و تایبەت دەوڵەتی قووڵ، هەمیشە وەک ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەی ئاشتییدا وەستاونەتەوە. چون دەوڵەتی تورکیا ویستی لە ڕێگەی ئۆجالانەوە، کە داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد لە کۆنگرەیەکدا، هەوڵی دا پەکەکە ناچار بکات خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. تورکیا چاوەڕێی ڕەتکردنەوەی ئەم داوایەی لەلایەن بەڕێوەبەرانی پەکەکەوە دەکرد و لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا پەکەکە و ئۆجالان بخاتە بەرانبەر یەک، بەڵام بەڕێوەبەرانی پەکەکە بە وریاییەوە هەڵسوکەوتیان کرد و بە تێگەیشتن لە پلانەکانی تورکیا، مەرجی ئازادکردنی جەستەیی ئۆجالانیان بۆ بەستنی کۆنگرە و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دانا، بەمەش تۆپە دیزاینکراوەکەیان هەڵدایەوە گۆڕەپانی تورکیا. وەک ماندێلا دەڵێت: (ئەگەر دەتەوێت لەگەڵ دوژمنەکەت ئاشت بیتەوە، دەبێت لەگەڵی کار بکەیت. ئەو کاتە ئەو دەبێتە هاوبەشەکەت.) سەرەڕای ئەوەش، دەرگای ئەوە دەکاتەوە کە پرۆسەیەکی نوێی ئاشتیی سەر هەڵبدات.
هەرکاتێک ئومێدێک بۆ ئاشتیی سەر هەڵدەدات، هێرشەکانی دەوڵەت دەست پێ دەکەن، بە ئامانجی لەباربردنی پرۆسەکە و درووستکردنی پەشێویی و ئاڵۆزیی. وەک هەمیشە، نیازخراپی و دوڕوویی دەوڵەت ماسکەکەی ڕووی لادەبات، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند؛ پێویستە بەبێ مەرج ڕێکخراوەکە چەک دابنێت و هەڵوەشاندنەوەی ڕابگەیەنێت. لەم چوارچێوەیەدا، بیرەوەرییەک دێتەوە یاد کە شێخ شەهابەدینی سوهرەوەردیی دەڵێت: “حاکیمی ڕاستەقینە ئەوەیە بە ڕووناکیی دەروونی خۆی عەدالەت بڵاو بکاتەوە و چۆن باڵندەی سحری (سیمورغ) لەسەر لوتکەی چیای قاف باڵی بەسەر هەموو دونیادا کێشاوە، ئاواش دادپەروەریی و نیعمەت بە سەر هەموو خەڵکدا بڵاو بکاتەوە، بێ جیاوازی لە نێوان بچووک و گەورە، ڕەش و سپی، دەوڵەمەند و هەژار.” پەیامی سەدەی ئۆجالانیش، وەک باڵندەی سیمورغ لە دورگەی ئیمرالی باڵی بەسەر هەموو جیهاندا کێشاوە، پەیامێک بۆ جیهانێک کە دادپەروەریی و یەکسانی بۆ هەمووان دەستەبەر بکرێت. هەرزوو هەواڵی بانگەوازی ئۆجالان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری جیهاندا دەنگی دایەوە. “ئۆجالان داوا لە پەکەکە دەکات چەک دابنێت، هیوای هەیە حکومەتی تورکیا وەڵامی هەبێت” ئەمە سەردێڕێکی سەرچاوەیەکی ئەمریکی بوو. میدیایەکی فەڕەنسیش دەڵێت: “بانگەوازێکی مێژوویی لە ڕێبەری کوردەوە هیوای ئاشتیی لە تورکیا هەڵدەکشێنێت.” سەرچاوەیەکی سویسریی نووسی: “دەستپێشخەریی ئاشتیی ئۆجالان: خاڵێکی وەرچەرخان لە ململانێی کورد و تورکدا؟” دوای بانگەوازەکە، کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەیاننامەکەی پەکەکە لە ماوەی چەند خولەکێکدا بووە مانشێتی هەموو میدیاکانی جیهان. چاوەڕوان دەکرێت بانگەوازەکانی ئۆجالان کاریگەرییەکی بنەڕەتی لەسەر ململانێی کورد و تورک دروست بکەن، گرنگە چاودێری ئەنجامە ئەرێنی و نەرێنییە درێژخایەنەکانی بکەین.
بەشی دووەم:
ئاشتی هەرگیز خۆبەدەستەوەدان نییە، بەڵکوو ڕێگەیەکە بۆ دادپەروەریی. ئۆجالان، ئەو ڕێبەرەی لەناو زیندانێکی تەنگدا خەونی ئازادیی بۆ گەلەکەی دەبینێت، پێشتر بە دەنگێکی پڕ لە هیواوە ڕایگەیاندبوو: “من هێزی ئەوەم هەیە ئەم ململانێ توندوتیژە بگوازمەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی.” ئەم وتەیەی، ترووسکایی نێو شەوەزەنگێکە، ئاماژە بۆ ڕێگەیەکی نوێ دەکات، ڕێگەیەک کە تێیدا چەک جێگەی خۆی بە قەڵەم دەدات و گوللە جێگەی خۆی بە وشە دەدات. بەم پێیە، ئەگەر ئەو مەرجانەی بۆ پێڤاژۆکە پێویستن، بێنە دی، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە هیچ شێوەیەک مانای کۆتاییهاتنی ئەو خەباتە بەردەوامە ناگەیەنێت، بەڵکوو دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ، قۆناغێک کە تێیدا بزووتنەوەکە وزە و تواناکانی خۆی لە چوارچێوەیەکی نوێدا کۆ دەکاتەوە و بە شێوازێکی کاریگەرتر درێژە بە خەبات دەدات. واز لە ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەکە ناهێنرێت، لەسەر پارادایمەکە بەردەوام دەبێت و لە ڕووی ڕێکخستن و تێکۆشانەوە بە ئەنجامی دەگەیەنن.
“بێگومان، بۆ ئەوەی چەک لە بواری کردارییدا دابنرێت و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، پێویستە سیاسەتی دیموکراسیی و یاسایی بڕەخسێندرێت.” ئەم درووشمە، کە لە سێ ئەزموونی مێژوویی گرنگەوە سەرچاوەی گرتووە، ڕێگەی ڕاستمان نیشان دەدات؛ کاتێک پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە پەیماننامەی حودەیبییەدا دەستی بۆ ئاشتیی درێژ کرد، سەرەتا وەک شکست دەرکەوت، بەڵام ڕاستییەکەی بناغەی سەرکەوتنێکی گەورەی دانا. ئەویش نێلسۆن ماندێلا بوو کە دوای ٢٧ ساڵ زیندان گەیشتە ئەو باوەڕەی ئاشتیی و لێبوردەیی تاکە ڕێگەن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی ڕەگەزیی لە ئەفریقای باشوور. چیرۆکی ئاشتەوایی یەعقوب و عیسۆی نێو ئینجیل، نموونەیەکی تر بۆ ڕێککەوتنێکی ئاشتیی سەرکەوتوو پێشکەش دەکات. براکان، کە بۆ دەیان ساڵ لە یەکتر دابڕابوون، توانیان دەستبەرداری ناڕەزاییەکانی ڕابردوویان ببن و ئاشت ببنەوە. ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێگەی تیۆری “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک”ـەوە، جیهانێکی نوێی پێشکەش کردین کە “شەڕ و توندوتیژیی ڕێچارە نین. دیالۆگ و سیاسەتی دیموکراتیی ڕێگەی سەرەکیی چارەسەری کێشەکانن.” ئەو هەمیشە باوەڕی وابووە “ئازادیی ژن بنەمای ئازادیی کۆمەڵگەیە. بەبێ ئازادی ژن، ئازادیی کۆمەڵگە ناتەواوە.” هەروەها مێژوو سەلماندوویەتی گۆڕینی شێوازی خەبات لە چەکدارییەوە بۆ سیاسی، لە زۆر شوێن سەرکەوتوو بووە (بۆ نموونە: ئەفریقای باشوور، ئیرلەندی باکوور)، بەڵام مەرجی سەرەکیی بۆ ئەم سەرکەوتنە، بوونی پرۆسەیەکی سیاسی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەیە کە تێیدا مافەکان دەستەبەر بکرێن.
بەشی سێیەم:
لەناو ئەو دیوارە بەرزانەی کە ٢٥ ساڵە ڕووناکییان لە چاوی دزیوە، پیرێکی ٧٦ ساڵان دەژی. ئەمڕۆ، ئەو پیرە مەزنە، سەرسپیی و ماندوونەناس، چاولێڵ، بەڵام دڵڕووناک، لە کونجی زیندانێکی تاکەکەسییدا دانیشتووە و بە دەستەکانی کە وەک لقی درەختی زەیتوون چرچولۆچ بوون، خەونێکی گەورە دەکێشێت. وەک فەیلەسووفی ئاشتیی قسە دەکات. ئەو گوتەکانی وەک شەتەحاتی مەنسووری حەلاج سنووری ژیان و مەرگ دەبڕن و بۆشاییەکانی ئەم دنیایە پڕ دەکەن.
ڕۆژی دوێنێ کاتێک ڕێگەیان پێ دا چەند وشەیەک بگەیەنێتە دەرەوە، پەیامێکی نارد کە لە ناخییەوە هەڵدەقوڵا: “زمانێک بەکار بهێنن کە لەگەڵ هەستیاریی پڕۆسەکەدا بگونجێت و دەربارەی ئاشتیی بدوێن” ئەو شەوە، لە ژوورە تاریکەکەیدا، بیری لەو هەموو ساڵانە کردەوە کە تێپەڕیبوون. جەستەی پیر بووبوو، چاوەکانی لاواز ببوون، بەڵام خەونەکانی بۆ ئاشتیی و دیموکراسیی زیندووتر بوون لە هەر کاتێک. بۆ ساتێک، وەک سۆفییەکی مەزن، هەستی بە حاڵەتی “وەجد” کرد. لەو حاڵەتەدا، وێنەی کۆمەڵگەیەکی نوێی بینی کە تێیدا هەموو مرۆڤەکان ئازادانە دەژین و مافەکانیان پارێزراوە. بانگەوازەکەی ئەمجارەی ئۆجالان، وەک دڵۆپەئاوێک بوو لە بیابانی توندوتیژیی و نائارامیی ناوچەکەدا: “پێویستە دان بە ڕەهەندی سیاسەتی دیموکراتیک و یاساییدا بنرێت.” ئەم وشانە، لە زاری پیری مەزنەوە کە ژیانی لەپێناو خەون و دۆزی گەلەکەیدا بەخت کردووە، وەک ئایەتێکی پیرۆز وان.
بەرەنجام
ئێستا، پیری مەزن لە گۆشەی تاریکی ژوورەکەیدا، وەک مۆمێک ئازادانە دەسووتێت و ڕووناکییبەخشە، پەیامی ئاشتیی بڵاو دەکاتەوە. ئەو لە بەندیخانەیەکی بچووکەوە، دنیایەکی گەورە دەبینێت. وەک ئەو سۆفییانەی لە حاڵەتی وەجددا شەتەحاتیان دەکرد و جوانترین وشەکانیان لە ناخەوە هەڵدەقوڵا، بەرزترین فۆرمی ئازادیی تاقی دەکاتەوە: ئازادی ڕۆح و فیکر. ئازادی ئەوەی کە بتوانی لە ناو تاریکترین ژووریشدا، خەونی ڕووناکی ببینیت.
لە دوورەوە، دەنگی پیری مەزن وەک مۆسیقایەکی ناسک دێت: “ئاشتیی… دیموکراسیی… یەکسانیی…” و دنیا، هێدی هێدی، گوێ بۆ ئەم زمزمەیە شل دەکات. چونکە دەزانێت ئەمە مۆسیقای ئازادییە.
سەرچاوە: گۆڤاری ئازادی کۆمەڵگە