لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا خەڵاتی ڕاگەیاندن بەخشرا

بەبۆنەی ٢٢ ی نیسان، ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی، یەرەئا لە ناوەندی کەلتوور و هونەری محەمەد شێخۆ چالاکی ئەنجامدا و خەڵاتی شەهید مەزڵوم باگۆک دابەشکرا.

چەندین ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکاری خۆجێی و نێونەتەوەیی کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کاردەکەن، بەشداربوون.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن، کورتەفیلمێک دەربارەی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی پێشکەشکرا، هەڵبەستی فەرهاد مەرد خوێنرایەوە.

هاوسەرۆکی یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئازاد، دلیار جزیری گوتی: "ئێمە سوپاسگوزار و قەرزاری شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازادین و شوێنکەوتەی ڕێگەیان دەبین".

وتەبێژی یەکێتیی ڕاگەیاندنی ژن، ئارین سوێد تیشکی خستەسەر دەنگی ژنان لەنێو ڕاگەیاندنی کوردیدا، ئەو ژنانە لەم بوارەدا بەربەستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیان شکاند.

هاوسەرۆکی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، جوان مەلا ئیبراهیم گوتی: "ڕۆژنامەگەریی کوردی بووەتە دەنگی بەرخۆدان و تێکۆشان، هەرگیز ئەم ڕەنج و تێکۆشانەی ڕۆژنامەنووسان لەبیر ناکرێت".

پاشان یەرەئا خەڵاتی پێشکەش بە ڕوناهی تیڤی، ڕۆژنامەی ڕوناهی، ڕۆژئاڤا تیڤی، کەناڵی ئەلیوەم، ئاژانسی نۆرس پرێس، ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) و کۆمپانیای نەفەل بۆ بڵاوکردنەوەی میدیایی کرد.  

گرووپی سەردەمیش چالاکی گۆرانی فۆلکلۆری و شۆڕشگێڕی پێشکەش کرد.

لەکۆتاییدا بنەماڵەی ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA) شەهید عیسام عەبدوڵا و بنەماڵەی شەهید مەزڵوم باگۆک، خەڵاتیان پێشکەش بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد.

ئەو دەزگا و کەسانەی خەڵاتکران: ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA)، بەڕێوەبەری ناوەندی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریا ڕامی عەبدولڕەحمان، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF).