دانیشتووانی حەسەکە و عەفرین بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوانیان کرد

دانیشتووانی شاری حەسەکە و کۆچبەرانی عەفرین بە ڕێپێوانێكی جەماوەری داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیان کرد.

ڕێپێوانی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ

ڕێپێوانەکە لە چوارڕێیانی کەڤۆک (کۆتر) لە گەڕەکی تەل حەجەری شاری حەسەکە دەستی پێکرد و تاوەکو چوارڕێیانی شەهید سەرحەد لە گەڕەکی مفتی بەردەوامبوو، لەوێ گۆڕا بۆ گردبوونەوە و خولەکێک ڕێز بۆ شەهیدانی ئازادی کوردستان تەرخانکرا.

خوێندنەوەی پەیامی ڕێپێوانەکە

لە بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی ستاری شاری حەسەکە ناهیدە سلێمان قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا بە ڕۆحی گەلی قارەمان و ژنانی ئازاد لە سایەیی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ گەل ئازاد بووە و گوتی: "٢٦ ساڵە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانە و گۆشەگیرییەکی سەخت لە دژی ئەو بەڕێوەدەبرێت. ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئازادی تەواوی پێکهاتەکان تێدەکۆشێت. دەبێت خاوەندارێتی لە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بکەین و بۆ ئازادی جەستەیی ئەو تێبکۆشین."

لە کۆتایی قسەکانییدا ناهیدە سلێمان ئاماژەی بەوەدا، ڕێبەر ئاپۆ ئەوەی پێشتر بە ژنان نەدرا بوو، بەخشی و ئیدی ژنان شۆڕشی گۆڕانکاری و پێشکەوتن بەڕێوەدەبن.

هەروەها هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شاری حەسەکە فاروق تۆزۆ قسەی کرد و گوتی: "لە سایەیی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆوە گەشتینە ئەم ئاستە. "هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە سایەی ئەو پرۆژەیەی کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پێشکەشی کردووە، پێکەوە دەژین."

فاروق تۆزۆ ئاماژەی بەوەشدا بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین چارەسەرییە و گوتی: "ئەم بانگەوازە بۆ تەواوی جیهان کرا، تاوەکو سەقامگیری و ئارامی بە دی بێت. ئەم بانگەوازە لەسەر ئاستی تەواوی جیهان قبوڵکرا."

ڕێپێوانەکە بە دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" کۆتایی هات.