بە دیمەن

گەلی قامیشلۆ بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بۆ ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوانیان ئەنجامدا

گەلی قامیشلۆ بە هەزاران کەس لە هەموو پێکهاتەکان بە کورد، عەرەب، سریانی، ئەرمەن و ئێزدییەوە، بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوانیان کرد. جەماوەری گەل جەختیان لەوە کردەوە کە ئاشتی تەنیا بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدی دێت.

هەزاران کەس لە دانیشتووانی شارەکانی قامیشلۆ، تربەسپی، عامودێ و تل حەمیس بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بە پێشەنگایەتی دەستپێشخەریی گەلی قامیشلۆ، بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە قامیشلۆ ڕێپێوانێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا.

هاوڵاتیان، لەگەڵ قوتابیان، گەنجان، ژنان و نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، لەگەڵ گروپە کوردییەکان، عەرەب، سریانی، ئەرمەنی و ئێزدی، بە وتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی ئاڵاکانیان بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد.

ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی عوسمان سەبریەوە بە وتنەوەی دروشمی "بەگیان بە خوێن لەگەڵتین ئۆجالان"، "بێ سەرۆک ژیان نابێ"، "بژی بەرخۆدانی ئیمرالی" و "بژی بەرخۆدانی زیندانیان" و بەرزکردنەوەی وێنەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکرد.

لە ڕێپێوانکەدا، منداڵان، قوتابیان وێنەی ڕێبەر ئاپۆیان بەرزکردەوە و پەنجەکانیان بە نیشانەی سەرکەوتنیان نیشاندا.

پاشان لە گۆڕەپانی شەهید ڕووبار، بۆ یادی شەهیدانی ئازادیی خولەکێک بێدەنگی بەڕێوە چوو، دواتر کەنعان بەرکات، ئەندامی دەستپێشخەریی گەلی کانتۆنی جزیر، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە ڕێبەر ئاپۆ ڕئبەری گەلی عەرەب، سریانی، ئەرمەنی، کورد، مەسیحی، موسڵمان و ئێزدییەکانە. هێزە پیلانگێڕەکان بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلان پیلانیان ئەنجامدا، نەیانزانی کە ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو ماڵێکی وڵاتپارێزندا بوونی هەیە. ڕێبەر ئاپو بۆ مانەوەمان، ئیمرالی کرد بە قوتابخانە.

کەنعان بەرکات لە درێژەی وتارەکەیدا ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ زۆرجار بانگەوازی ئاشتی کردووە و وتی: "پێویستە حکومەتی تورکیا بزانێت کە ڕێبەر ئاپۆ ئەوەی لە توانایدا بوو کردوویەتی، ئێستا پێویستە حکومەتی تورکیا هەنگاو بنێت. گەڵ چاوەڕێی ئەوەن ببینن ڕێبەر ئاپۆ لە کوردستاندا ئازاد بژیت، ئەوکات لەوە دڵنیان کە ئاشتی بەرقەرار بووە."

لە کۆتایی قسەکانیدا کەنعان بەرکات جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی تورکیا ناتوانێت گەل فریو بدات، هەرچەندە ئاستەنگیەکانیش دروست بکات، دواجار هەر گەل سەردەکەوێت. بۆیە ئەرکی یەکەم و گرنگی ئێمە تێکۆشانە بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ.

ڕێپێوانەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی ئیمرالی" کۆتایی هات.