کۆلێکتیڤی میدیاکارانی کوردستان ڕۆژی ڕۆنامەگەری کوردییان پیرۆز کرد

کۆلێکتیڤی میدیاکارانی کوردستان لە ئەورووپا کە لەم هەفتەیەدا لە بەلجیکا دامەزرێندرا، بە پەیامێک ٢٢ی نیسان ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیی پیرۆز کرد.

کۆلێکتیڤی میدیاکارانی کوردستان

میدیاکارانی کوردستانی لە ئەورووپا کە بە بانگەوازی زیاتر لە ٧٠ میدیاکار لە کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژەدا بڕیاری دامەزراندنی 'کۆلێکیڤی میدیاکارانی کوردستان'یان دا، لە ١٢٧ـەمین ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەی کوردییدا، لە یەکەم پەیامی خۆیاندا ٢٢ی نیسان ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردییان پیرۆز کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لە ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردییدا، بە پێرۆزکردنی ئەم ڕۆژە بە بڕیار و سەربڵندین لەگەڵ ئەو رۆژنامەوانانەدا بوەستینەوە کە دەربڕی دەنگی حەقیقەت و ستەم لێکراوانن، بە قوربانیدان بە گیانی خۆیان دەنووسن، بەشێوەیەکی درووست پێنوسەکانیان بەکاردەهێنن."

لە بەردەوامییدا هاتووە: "ڕۆژنامەوانی تەنها پێنووسێک نییە، هاوکات لە بونیادنانی سیستەمی دیموکراتیک و ڕووناکبیرییدا هەڵگری ڕۆڵێکی مەزنە؛ هەڵگری پەیامێکی قوڵە بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤایەتی، ژیانی هاوبەش، ئاشتی و ئازادی."

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە وەک ڕۆژنامەوانانی تاراوگە و وڵات (کۆلێکتیڤی میدیاکارانی کوردستان) لە هەر بارودۆخێکی سەختدا دەستبەرداری هەوڵدانەکانمان نابین لە ڕاگەیاندنی دۆزی گەلی کورد و ئاشکراکردنی تاوان و ستەمگەرای.

لە کۆتاییدا ئاماژە کرابەوەی دەیان ڕۆژنامەوانی کورد بەهۆی نوسین، فکر و هەواڵەکانیان گیراون، مەترسی لەسەر ژیانیان درووستبووە و هاتووە: "بۆ جێبەجێ کردنی دادپەروەری و کۆتایهینان بە بێ سزاهێشتنەوە، لە ڕووی ڕێکخستنی و یاساییەوە بکەوینە هەوڵدانەوە. خواستمان جێبەجێ کردنی ئەو یاسایانەیە کە ئازادی ڕاگەیاندن دەپارێزن و بکووژی ڕۆژنامەوانان دادگای بکرێن. یاسا نێونەتەوەییەکان کە ئازادی فیکری و دۆخی سەلامەتی بۆ ڕۆژنامەوانان دەئافرێنێت، پێویستە بەبێ هیچ کەموکوڕییەک جێبەجێ بکرێت."