لە کەرکوک فێستیڤاڵی بەهار و نمایشی گوڵ کرایەوە
لە کەرکوک، یەکەمین فێستیڤاڵی بەهار و پێشانگای گوڵی بەدرووشمی "ڕەنگەکانمان وەک گوڵی بەهار هەمەچەشنن بەڵام یەک ڕەنگمان هەیە ئەویش کەرکوکە" کرایەوە.
لە کەرکوک، یەکەمین فێستیڤاڵی بەهار و پێشانگای گوڵی بەدرووشمی "ڕەنگەکانمان وەک گوڵی بەهار هەمەچەشنن بەڵام یەک ڕەنگمان هەیە ئەویش کەرکوکە" کرایەوە.
لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە، بەسەرپەرشتی ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک و ئیدارەی شارەکە، یەکەمین فێستیڤاڵی بەهار و پێشانگای گوڵی بەدروشمی "ڕەنگەکانمان وەک گوڵی بەهار هەمەچەشنن بەڵام یەک ڕەنگمان هەیە ئەویش کەرکوکە) کرایەوە.
جێگای باسە فیستیڤاڵەکە، نمایشی ساڵانەی گوڵ و ڕووەکە بەمەبەستی هاندانی کشتوکاڵ و دابینکردنی دەرچەیەک بۆ خەڵکی شارەکەو هۆشیارکردنەوەیان لە گرنگیی و پاراستنی جۆرەکانی ڕووەک و گوڵ لەپێناو بەدیهێنانی ژینگەیەیەکی پاکتر و تەندروستتر، رۆژانە ڤستیڤاڵەکە لە ئێوارەوە تاوەکو درەنگانی شەو بەڕووی هاووڵاتیانەوە کراوە دەبێت.
جێگای ئاماژەیە، لە فێستیڤاڵەکەدا، یەکە ئیداریی و فەرمانگە و زانکۆی کەرکوک و نەمامگە و زانکۆ ئەهلییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانی ژینگەیی و هاوڵاتیان بەشداربوون و چەندین جۆری گوڵ و نەمام و بەرهەم و خۆراکی خۆماڵی و کاری دەستی خانمان و کەلوپەلی کەلەپووری جۆراوجۆری پێکهاتەکانی کەرکوک نمایش کران.
'لە وێنەکانم جوانی سروشتی کەرکوک و کوردستان نیشان دەدەم'
هودە سەلام، کچە نیگاکێشێکی شاری کەرکوکە و بە تابلۆی تایبەت بە سروشتی کوردستان بەشداری لە ڤستیڤالەکە کردبوو، هودە بەم شێوەیە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) باسی لە بەشداری کردنی ڤستیڤاڵەکە کرد: "من وەکو نیگاکێشێک لە ڤستیڤاڵی بەهار بەشداربوومە، لەڕێگەی ئەم ڤستیڤاڵە هەوڵدراوە خەڵکی هۆشارکردێتەوە لە گرنگی پاراستنی ژینگە و سروشت و زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە ڕێگەی چاندنی درەخت، ڤستیڤاڵەکە کەشێکی خۆشی هەیە کە هەرکەسە و لەڕێگەی بەهرەکەی خۆیەوە هەوڵیداوە نمایشی سروشت بکات، منیش لەم پێشەنگایە بە تابلۆی درەخت بەشداربوومە، لە تابلۆ س وێنەکانم باس لە جوانی سروشتی کوردستان و کەرکوک دەکەم".
'ساڵانێکی زۆرە کەرکوک بەدەست پیسی ژینگە دەناڵێنێت'
لەلای خۆیەوە، شکۆفە محەمەد چالاکوانی ژینگەیی، کە ناوبراو ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە کاری ژینگەپارێزی دەکات و رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە خزمەتکردنی ژینگە و سروشتی شارەکە بەدرێژایی ٢٠ ساڵی ڕابردوو، شکۆفە محەمەد سەبارەت بە ڤستیڤاڵی بەهار و گرنگی پاراستنی سروشت و ژینگە، گووتی: "لەگەڵ سەرەتای بەهاردا مرۆڤ دەکەوێتە دۆخی ژیان کردن، ئەم ڤستیڤاڵەش بایخێکی زۆر بە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی شارەکەدا دەدات، وەکو پێکهاتەکانی کەرکوک کۆمەڵێک نەریت و مێژووی هاوبەشمان پێکەوە هەیە، ئەم شارە ساڵانێکی زۆرە بەدەست پیسبوونی ژینگەکەی دەنالێنێت، خۆشبەختانە حکومەتی خۆجێی شارەکە هەستی بەو مەترسییە کردووە و هەنگاویان ناوە بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی شارەکە، ئێمەش لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو وەکو ژینگەپارێز پێشنیازی باشمان پێشکەش بە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی کەرکوک کردووە لەپێناو پاراستنی ژینگەی شارەکە و زیادکردنی ڕێژەی سەوازیی".
'پێکەوە هەوڵی پاراستنی ژینگە بدەین'
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا، شکۆفە محەمەد، ڕاشیگەیاند: "بەشداری زانکۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان و ژینگەپارێزان لە ڤستیڤاڵەکەدا، ئەتوانن خزمەت بە ژینگەی شارەکە بکەن، پێویستە هەموومان پێکەوە هەوڵبدەین لەڕێگەی ژینگەیی و تەندروستییەوە ئەم شارە بپارێزین، لەم ڤستیڤاڵەدا وەکو چەند ڕێکخراو کۆمپانییەک هەوڵمانداوە لەڕێگەی بڕوشەر و کاری دەستی دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوە (ڕیسایکڵ) خەڵکی هۆشیار بکەینەوە لە پاراستنی ژینگە، هەروەها کیسەی خاممان دووریوە و ئەیدەینە خانمان تاوەکو خۆیان بەدوور بگرن لە کیسەی پلاستیکی کە هۆکارە بۆ تووشبوون بە ژێرپەنجە".
'گوڵەکانی ڤستیڤاڵەکە وەکو پێکهاتەکانی کەرکوک ڕەنگاو ڕەنگن و پێکەوە جوانن'
هەروەها شاهۆ نوری ئەندازیاری بواری کشتوکاڵ و سەرۆکی تیمی نیشتیمانیی لاوان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، سەبارەت بە گرنگی ئەم جۆرە ڤستیڤاڵانە، ڕایگەیاند: "ئەم جۆرە فستیڤاڵانە زۆر گرنگە چونکە کەرکوک لە ماوەی ڕابردوودا زۆر بێبەش بووە لەم جۆرە فێستیڤاڵانە، وەکو هەمووان دەزانن ئێستا فستیڤاڵی بەهارە بۆ گوڵ کە لێرەدا هەموو جوانی گوڵ دەرەکەوێت ڕەنگێ گوڵ دەرەکەوێت، گوڵەکانی ئەم ڤستیڤاڵە وەکو پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە پێکەوە جوانن، بەداخەوە لە ڕابردوودا کەرکوک لەناو ململانیەی و شەڕ بووە، بەڵام ئیستا دۆخی شارەکە باشە بۆیە لەپیناو زیاتر بتەوتر کردنی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە پێویستە ئەم جۆرە ڤستیڤاڵانە زیاتربن تاوەکو هاووڵاتیان شارەکە بەروە ئایندەیەکی جوانتر هەنگاو بنێن".
'ئەم ڤستیڤاڵانە هاوکارە لە کۆکردنەوەی سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان'
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەندازیار شاهۆ نوری ووتیشی: "لەم ڤستیڤاڵە سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی کەرکوک بە جل و بەرگی و ڕەنگی نەتەوەیی خۆیان بەشدارن و هەموویان بەبێ جیاوازی لەیەک شوێن پێکەوە دانیشتوون، بەهار ژیانەوەیە بۆیە لیرە دەردەکەوێت کە خەڵکی دەیانەوێت پێکەوە بە خۆشگوزەرانی بژێن وە ئەم جۆرە ڤستیڤاڵانەش هاوکارە لە کۆکردنەوەی سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە".