لەچالاکی هێزەکانی رزگاری عفریندا ٧ داگیرکەر کوژران و شەشی دیکە برینداربوون

هێزەکانی رزگاری عەفرین رایگەیاند، کە لەو ناوچانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراون لە رۆژی ١٦ی تشرینی یەکەمدا چالاکییان کردووە و لە ئەنجامدا لانیکەم ٧ چەتە کوژراون و شەشی دیکەش برینداربوون.

لە راگەیەندراوەکەی هێزەکانی رزگاری عەفریندا هاتووە، کە چالاکییەکان لە عەفرین، مارع و جەرابلۆس ئەنجامدراون و شەش ماتۆڕسکیلی چەتەکان لەناوبراون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر لە دژی هەرێمەکانمان بێ پسانەوە بەردەوامن و لەو هێرشانەدا گەلەکەمان دەکرێنە ئامانج. لە بەرامبەر ئەو هێرشە قڕکاریی و سڕینەوانەدا چالاکی وەڵامدانەوەمان بەردەوامە".

لەبارەی چالاکییەکانەوە هێزەکانی رزگاری عەفرین ئەم زانیارییەی راگەیاندووە: "رۆژی ١٦ی تشرینی یەکەم هێزەکانمان لە نێوان گوندەکانی برج حەیدەر و کەفەر نەبۆی سەر بە شاری عەفرین، کۆمەڵێک چەتەی داگیرکەریان خستە ژێر چاودێرییەوە. لە چالاکیەکەدا ٢ چەتە کوژران. دوای چالاکیەکە کاتێک ژمارەیەکی زۆر چەتە لە شوێنی چالاکیەکە کۆببوونەوە هێزەکانمان چالاکیەکی دیکەیان ئەنجامدا. لەو چالاکیەشدا ٤ چەتە سزادران، ٣ چەتەش برینداربوون. هەروەها ٤ ماتۆرسکیل لەناوبران.

لە هەمان کاتدا لە هێڵی مارع لە ئەنجامی دوو چالاکی نیشانسکێنیدا ٢ چەتەی داگیرکەر برینداربوون".

سەرچەتەیەک کوژرا

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: " هەروەها رۆژی ١٦ی تشرینی یەکەم لە شاری جەرابلۆس سەرچەتەیەکی سەر بە گروپی چەتەکانی سوڵتان موراد کرایە ئامانج. ئەو سەرچەتەیە لە هەمان کاتدا ئەندامی میتی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بوو. لە ئەنجامی چالاکیەکەدا ئەو سەرچەتەیە کوژرا. چەتەیەکی دیکەش بە سەختی بریندارکرا و ئۆتۆمبێلەکەشیان تێکشکێندرا.

لە ئەنجامی ئەو چالاکیانەدا ٧ چەتە کە یەکێکیان سەرچەتە بووە، کوژراون و ٦ چەتەش برینداربوون".