ئەندامی فەڕماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، عەلی حەسەن، سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و وتی: دەوڵەتی تورک هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو و بەربڵاوی بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدا؛ لەو هێرشانەدا زیاتر ئەو دامەزراوانەی کە خزمەتی گەل و کۆمەڵگا دەکەن، کردە ئامانج. ئامانجیان لەناوبردنی کارەبا و ئاو و ژێرخانی هەرێم بوو. بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان و دژی بەرخۆدانی گەل، کەسانی مەدەنیش کرانە ئامانج. لە عەین عیسا منداڵیان کردە ئامانج و لە گوندەکانی دربسیێ ژنانی جووتیار کرانە ئامانج. لە کۆبانێ و منبج هەمان هێرش ئەنجامدرا.
لە درێژەی قسەکانیدا حەسەن ڕایگەیاند کە تورکیا لە مێژە هەوڵی شەڕێک دژی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەدات و وتی: هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگەیاندراوی زۆریان داوە، بەڵام هەموو دەزانین دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی پڕۆژەی دیموکراتیک، یەکگرتن و برایەتی گەلان، بەردەوام بیانووی پێ هەیە. دەوڵەتی تورک بەهۆی پڕۆژەی دیموکراتیک، برایەتی گەلان و هاودەنگییان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیگەرانە. بەڵام ڕوونە داعش وەک هەڕەشەیەک لەسەر سنووری خۆی نابینێت. ئەوانەی زیاتر سوود لەم هێرشانە وەردەگرن تورکیا و شانە نووستووەکانی داعشە. بۆیە بەم هێرشانە هەوڵ دەدەن خۆیان لەهەرێمەکەدا ڕێکخستن بکەن و هێرش بکەنە سەر هێزەکانمان.
عەلی حەسەن لە لێدوانەکەیدا باسی لە ئۆپەراسیۆن و هەڵمەت لە دژی شانە نوستووەکانی داعش کرد و وتی: لە کاتی ڕزگارکردنی شارۆچکەی باخۆزەوە تا ئێستا بە سەدان ئۆپەراسیۆن و هەڵمەت لە دژی شانە نوستووەکان لە لایەن هێزەکانمان بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕێوەچووە. بە تایبەتی لە کەمپی هۆڵ بەمەبەستی ڕێگری لە پلان و هێرشی شانەکان ئۆپەراسیۆن ئەنجامدرا.
لە درێژەی قسەکانیدا عەلی حەسەن لە سەر هێرشی سەر ئەکادیمیای بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر وتی: بە ئامانجگرتنی ئەکادیمیای دژە مادەی هۆشبەر لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پلانی بۆ دانرابوو. لەبەر ئەوەی نەندامەکانمان لەسەر پاراستنی کۆمەڵگا و مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر پەروەردەیان دەبینی و دەوڵەتی تورک نەیدەویست ناوچەکە دوور بێت لە مادەی هۆشبەر، هێرشیان کردە سەر ئەکادیمیاکە و ٢٥ ئەندامی ئێمە شەهید بوون.
ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهه ڵاتی سوریا، عه لی حەسەن، بەڵێنی به شەهیدان دا که گیانی خۆیان له پێناو پاراستن و ئاسایشی کۆمەڵگادا بەخت دەکەن و بەردەوام لە سەر ڕێچکەی ئەوان دەبن بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بە پارێزراو و دوور لە مەترسی پێکەوە بژین.