قەسەدە دەربارەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ڕایگەیاند هێرشە داگیرکارییەکان بۆ سەر کۆبانێ و گرێ‌سپی و عەین عیسا و بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق بەردەوامە و دووپاتی کردەوە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە.

ڕاگەیاندراوی قەسەدە

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لەسەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق و گۆرەپانەکانی تر، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

" سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریكا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، دوێنێ و ئەمڕۆش هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر چەند هەرێمێکی دەوروبەری کۆبانێ و بەنداوی تشرین و عەین عیسا بەردەوامە.

ئێوارەی دوێنێ کاتژمێر ١٨:٠٠ بە پاڵپشتی و هێرشی ئاسمانیی بە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی دەوڵەتی تورک، چەتەکانی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە سێ میحوەرەوە هێرشیان كردە سەر ناوچەی بەنداوی تشرین و شەڕڤانانی مەجلیسی سەربازی منبج ڕووبەڕوویان بوونەوە زیانیان پێ گەیاندن و ناچار كران هەڵبێن.

شەوی ڕابردوو لە پردی قەرەقۆزاق و گوندی بیر حەسو لە باشووری شاری كۆبانی، فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە کاتژمێر ٢٣:٠٠ سێ هێرشی ئاسمانییان ئەنجامدا، هەروەها لە ڕێگەی تۆپخانەكانیانەوە دەیان مووشەكیان هاویشت.

ئێوارەی دوێنێ لە عەین عیسا  فڕۆكە بێ‌فڕۆكەوانەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك ئۆتۆمبێلێكیان لە گوندی حۆشان بۆردوومان كرد، جگە لەوەی بە دەیان گولـلە هاوەن و تۆپ گوندەكانی ڕۆژهەڵاتی عەین عیسا و ڕۆژئاوای گرێسپی کرانە ئامانج.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گرووپە چەتەکان، بە پاڵپشتی ئاسمانیی و زەمینی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە چەند میحوەرێكەوە هێرشێكی هەمەلایەنەیان بۆ سەر ناوچەی بەنداوی تشرین دەستپێكرد، كە تا ئەم ساتە پێكدادانی توند لەنێوان هێزەكانی مەجلیسی سەربازی مەنبەج و چەتەکان ڕوودەدات لە ناوچەكەدا. هەروەها فڕۆکەی سیخووڕی بەسەر ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە.

فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان خرایە خوارەوە

لەبەرئەوەی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەکانی ئاگربەستیان پێشێل کرد، هەروەها بەهۆی بۆردوومانی توندی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان و تۆپبارانەوە، هێزەكانمان لە دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق ئێوارەی دوێنێ فڕۆكەیەكی سیخووڕی جۆری "بەیرەقدار TB2"یان خستە خوارەوە، هەروەها هێزەكانمان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان لە هەموو هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەتایبەتی لە کۆبانێ لە ڕەوشی بەرگریدان.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی ئاگربەست دەقۆزنەوە و هەوڵی درێژەدان بە پلانی داگیرکاری و هێرشەکانیان دەدەن و دەیانەوێت ڕای گشتی چەواشە بکەن. ئەمەش بۆ ڕای گشتی ئاشکرایە. ئێستا زۆر ڕوونە کە دەیەوێت بە هەموو دڕندەییەکەوە هەرێمە داگیر بکات و گەلی هەرێمەکە ئاوارە بکات".