قەسەدە: دوو درۆنی داگیرکەران تێکشێندران

قەسەدە ڕایگەیاند یەکینەکانی شەهید هاروون دوو درۆنی داگیرکەرانیان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین خستەخوارەوە.

ئاماری قەسەدە

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی هێرشی داگیرکەران و بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی ئاشكرا کرد. لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەستنیشان کراوە یەکینەکانی شەهید هاروون لە چوارچێوەی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکاندا دوو درۆنی چەتەکانی دەوڵەتی تورکی خستووەتەخوارەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدەدا ئەم زانیاریانە خراوەتەڕوو:

"دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی دوێنێ (دووشەممە) بە تۆپهاوێژ بۆردوومانی سەختی دەوروبەری بەنداوی تشرینی کرد. لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا زیانی ماددی زۆری لێکەوتەوە. فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیش بە بەردەوامی بە ئاسمانی هەرێمەکەدا دەگەڕان.

چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە درۆن هێرشی سەر خاڵێکی هێزەکانمانیان کرد لە گوندەواری باکووری بەندواوەکە، یەکینەکانی شەهید هاروون بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوە و لەگەڵ تێکشکاندنی هێرشەکەدا دوو درۆنیان خستەخوارەوە.

بە درێژایی ڕۆژەکە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داگیرکەران بەسەر هەرێمی دێر حافردا سووڕاوەتەوە."