قەسەدە: لە تشرین دوو فڕۆکەی بێفرۆکەوان خرانە خوارەوە

قەسەدە ڕایگەیاند لە دەوربەری بەنداوی تشرین شەڕڤانان هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانیان تێک شکاند و٢ فرۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستەخوارەوە.

هێزەکانی سووریا دیموکراتیک (قەسەدە) بە ڕاگەیاندراوێک ئاماری شەڕ و پێکدانانەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی لە دەوربەری بەنداوی تشرین ئاشکرا کرد.

ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدە بەمجۆرەیە:

"هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە.

دوێنێ (سێ شەممە) فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکی داگیرکەر چەندین جار ماڵی کرێکارانیان لە بەنداوی تشرین بۆردوومان کرد، لە ئەنجامدا زیانێکی ماددی لێ کەوتەوە. لە کاتی بۆردوومانی فرۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکی داگیرکەردا، چەتەکان لە گوندەوارەکانی باکووری بەنداوەکە لە دژی خاڵێکی هێزەکانمان هێرشیان ئەنجامدا، شەڕڤانان بەرپەرچییان دانەوە و شەڕوپێکدادان دروست بوو. لە ئەنجامدا ژمارەیەک چەتە کوژران و برینداربوون، بەڵام ژمارەیان نەزانرا. لە شەڕوپێکدادانی شەڕڤانماندا ٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەتەکانیان خستەخوارەوە.

لە بەرەی پردی قەرەقۆزاقیش سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە تۆپ، تانک، موشەک و هاوەن گوندەکانی ئەل تینا، جادا، بیر حەسۆ، خەسەق، دیکان و گردی شەڤێ و قەرەقۆزاقیان تۆپباران کرد. زیاتر لە ٨٠ گولـلە تۆپ لە هەرێمەکەدا کەوتەخوارەوە و زیانێکی زۆری گەیاند بە موڵک و ماڵی هاوڵاتییان."