قەسەدە: ئاسایشی دەیرەزۆر هێڵی سوورە

قەسەدە دەربارەی هێرشی پاشماوەی هێزەکانی ڕژێمی بەعسەوە بۆ سەر ٣ شارۆچکەی زیبان و تەیانی دەیرەزۆر، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند بە پێداگرییەوە دژی هێرشەکان دەوەستنەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) دەربارەی هێرشەکانی پاشماوەکانی ڕژێمی بەعس بۆ سەر شارۆچکەکانی زیبانو  تەیان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند پاشماوەکانی ڕژێمی پێشووی بەعس و میلیشیاکانی دیفاع ئەل وەتەنی بەردەوامن لە تاڵانکاری لە شارۆچکەکانی زیبان و تەیانی ڕۆژهەڵاتی دەیرەزۆر. ئاماژە بەوە دەکات، میلیشیاکان ڕێگەی سەرەکییان گرتووە و هێرشیان کردووەتە سەر بنکە ئەمنییەکان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان.

قەسەدە ڕایگەیاند ئامانجی هێرشەکان زیانگەیاندن بە هاوڵاتیان و نانەوەی ئاڵۆزی و پشێوییە لە هەرێمەکە. جەخت دەکاتەوە، هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی دەیرەزۆر بە هەموو هێزی خۆیانەوە دژی هێرشەکان دەوەستن و هەڵدەکوتنەسەریان و ڕادەستی دادگایان دەکەن.

قەسەدە جەخت دەکاتەوە، هێزەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە کاری هاوبەش و ڕێگە بە جمووجووڵی شانەکانی داعش نادەن.

قەسەدە سڵاوی لە هۆشیاری خەڵکی دەیرەزۆر و هاوکاریان لەگەڵ هێزەکانیان کرد، دەڵێت: "ئاسایشی دەیرەزۆر هێڵی سوورە و بە شوێن هەموو ئەو کەسانەوە دەبین کە هەوڵی زیانگەیاندن بە هەرێمەکە دەدەن".