رێکخراوە مەدەنیەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازێکیان ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد

١٧ رێکخراوی مەدەنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا نامەیەکی هاوبەشیان بۆ ناوەندی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک نارد.

ناوەندی دیپلۆماسی کۆمەڵایەتی و ١٦ رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستیان بە هەنگاوێک کرد. هەنگاوەکە بۆ کۆکردنەوەی ئیمزایە بۆ ئەوەی داوا لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت، هەوڵ بۆ راگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بدات.

لە نامەکەدا هاتووە کە شەوی ٢٠ی تشرینی دووەم دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی دەست پێکرد و زۆر شوێنی سەربازی و مەدەنی، ژێرخان و رۆژنامەوانی لە هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کردە ئامانج. لە ئەنجامی هێرشەکاندا بۆ سەر کۆبانێ، دێرک، شەهبا، عەین عیسا و زرگان جگە لە شەهیدبوونی ژمارەیەک شەڕڤان، ١٦ هاوڵاتتی مەدەنی شەهید بوون و بە دەیان کەس بریندار بوون.

راگەیەندرا، زیاتر لە ٤٥ شوێنی خزمەتگوزاری وەک وێستگەی وزەی سوتەمەنی، نەوت، غاز، کۆگا، نەخۆشخانە و خوێندنگا کرانە ئامانج کە تورکیا بەم هێرشانە یاسا نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات و تاوانی شەڕ دەکات.

لە نامەکەدا باسی ئەوەکراوە کە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا نارەوا و نایاسایین و تەقینەوەی ١٣ی تشرینی دووەمی ئەستەنبوڵی وەک بیانۆ بۆ هێرشەکان بەکارهێناوە. بۆ ئەوەی هێرشەکە وەک خۆپاراستن پیشان بدرێت بەپێی مادەی ٥١ی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێویستە بە رازیبوونی ئەنجومەنی ئاسایش هەیە. بەڵام تاوەکو ئێستا دەوڵەتی تورک ئەم پرسەی نەبردووتە نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەشێکی دیکەی نامەکە بەم شێوەیەیە؛

" ئەو شتەی کە تورکیا دەیکات، خۆپاراستن نییە، بەگوێرەی دۆخی ناوخۆیی خۆی هێرش دەکاتە سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، رێککەوتنی ئاگربەستی ٢٠١٩ لەنێوان تورکیا، ئەمریکا و روسیا پێشێل دەکرێت، بەڵام دەوڵەتی تورک بەم هۆیەوە سزا نادرێت.

لە بەردەوامی هێرشەکان کە بە تۆپ و فڕۆکە ئەنجام دەدرێن، سەرۆککۆماری تورکیا باس لە ئۆپراسیۆنێکی زەمینی نوێ دەکات کە ئامانجی داگیرکردنی دەڤەرەکانی دیکەی هەرێمەکەیە. ئەم داگیرکەریە لە خاکی سوریا دەبێتە هۆی کارەساتێکی مرۆیی کە قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی کۆچبەری.

بەهۆی هێرشەکانی تورکیا، دۆخی ئاسایشی ناوچەکە ئاڵۆز بووە، زەمین بۆ دەرکەوتنەوەی داعش خۆش دەکرێت بۆ ئەوەی خۆی رێکبخاتەوە. بەمەش گورز لە هەوڵە هاوبەشەکانی تێکۆشانی دژی تیرۆر دەدرێت و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاسایش و ئارامی و ئاشتی هەرێمەکە و گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دروست دەکات.

ئێمە وەک ئەم لایەنانە کە نامەکەمان واژۆ کردووە، وەک نوێنەری کۆمەڵگەی مەدەن، داوا لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا و رێکخستنەکانی پەیوەندیدار دەکەین کە دژی هێرشە نارەوا و نایاساییەکان کە لەدژی گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدرێن، بەرپرسیاری مرۆڤی و یاسایی خۆیان جێبەجێ بکەن.

ناوەندی دیپلۆماسی  کۆمەڵایەتی بە بەشداری ١٦ دەزگای کۆمەڵگای مەدەنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ١ی کانونی یەکەمدا بۆ کۆکردنەوەی واژۆی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتیەکانی بەناوبانگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەستی بە هەنگاوێک کردبوو. لەم هەنگاوەدا بانگەوازی لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت کە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رابگرن."

ئەو رێکخراوانەی کە نامەکەیان واژۆ کردووە ئەمانەن؛

  • ناوەندی دیپلۆماسی کۆمەڵایەتی
  • تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتی (تەڤدەم)
  • رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە رەقە
  • رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تەبقا
  • کۆنگرەی ستار
  • کۆمبوونی ژنانی زەنوبیا
  • رێکخراوی سارا بۆ تێکۆشان لەدژی توندوتیژی
  • یەکێتی راگەیاندنی ئازاد
  • یەکگرتنی رۆشنبیرانی رۆژئاوای کوردستان
  • زانکۆی رۆژئاوا
  • تەڤگەری کەلتوری و هونەری
  • کۆمیتەی شارەوانیەکانی هەرێمی جزری
  • کۆمبوونی عەفرینی کۆمەڵایەتی
  • ئەنجومەنی ئیدلبی ئەلغەدرا
  • فیدراسیۆنی کەمئەندامانی سەنگەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا
  • رێکخستنی کەزی سەوز
  • مانگی سوری کورد

ف.ق