سەدان شەڕڤانی تر لە ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود کشانەوە

پاش ڕێککەوتنی نێوان گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب و حکومەتی دیمەشق، بەشی دووەمی هێزە سەربازییەکان لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود کشانەوە.

بەشی دووەمی هێزە سەربازییەکان لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود، کە پێکدێت لە نزیکەی ٥٠٠ شەڕڤان و کەرەستە سەربازییەکانیان، بەرەو هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کەوتنەڕێ.

لە ١ ی نیسان، ئەنجوومەنی گشتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق ڕێککەوتنێکی ١٤ خاڵییان واژۆکرد. چەند خاڵێکی سەرەکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کرا، وەک ئاڵوگۆڕکردنی بەشی یەکەمی دیلەکان و کشانەوەی هێزە سەربازییەکان.

یەکەم خاڵی ڕێککەوتنەکە لە ٣ ی نیسانی ٢٠٢٥ جێبەجێ کرا، کە ٢٤٣ دیل ئاڵوگۆڕکران (١٤٦ مەدەنی و سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، ٩٧ ئەندامی دەسەڵاتی دیمەشق).

لە ٤ ی نیساندا، یەکەم بەشی هێزە سەربازییەکان کە لە نزیکەی ٤٠٠ شەڕڤانی ژن و پیاو پێکدێت، بە هەموو کەرەستە سەربازییەکانیانەوە گەیشتنە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.